ژنێکی تەمەن ٤٦ ساڵ لە ناوچەی سەردەشت کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

20:40 - 13 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کوردی خەڵكی ناوچەی سەردەشت بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە. .

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەبری هەڵوێیی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی لیلانەی سەربە شارۆچکەی رەبەت لە ناوچەی سەردەشت، ناوی ئەو ئەو ژنەیە، کە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

ئەو ژنە تەمەن ٤٦ ساڵەیە دایکی ٥ منداڵ بووە، کە رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردان، هەوڵی خۆکوژی داو لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

چالاکانی کۆمەڵایەتی، ژنان وەکوو قوربانیی یەکەمی دیاردەی خۆکوژی لە قەڵەم ئەدەن و یاسای پیاواسالار، هەڵاواردنی رەگەزی، روانینی حەیسیەتی (نامووسی)، دەسەڵات‌خوازی و خۆبەزلزانیی پیاوان، ئایین و نەریتی بوونی کۆمەڵگە، بە تاوانبار زانینی ژنان لە هەموو کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، بێ دەسەڵاتیی ژن بۆ هەڵبژاردنی دڵخوازانە و سەربەخۆ نەبوونی ژنان لە بواری ماڵییەوە بە هۆکارەکانی خۆکوژیی ژنان لە قەڵەم ئەدەن.