ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵی پاوەیی خۆی سووتان

14:38 - 30 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: کێشەی بنەماڵەیی لە یەکێک لە گوندەکانی شاری پاوە بوو بە هۆی خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"بانەوڕێ\" سەر بە شاری پاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی پەنای بۆ خۆسووتاندن برد.

شوناسی ئەو ژنە کوردە بە ناوی \"فانۆس عەزیزی\" تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی گوندی بانەوڕێ ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە چەند ڕۆژ پێش ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەر، بە هۆی کاریگەربوونی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای شاری کرماشان گیانی لە دەست داوە.

چالاکانی مافی ژنان سەبارەت بە خۆسووتاندنی ژنان دەڵێن: ئاماری خۆسووتاندنی ژنان ڕوون نیە و هۆکاری خۆسووتاندن بۆ کێشەکانی وەک زۆریی حەشیمەت و پێکهاتە ناشیاوەکان، هەژاری ئابووری، بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، داب و نەریت و باوەڕە هەڵەکان لە کۆمەڵگا دەگەڕێتەوە.