ژمارەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز لەشاری جوانڕۆ ٢٠٠ کەسە

17:41 - 31 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: رێژەی کەسانی تووبشبوو بە نەخۆشیی \"ئیدز\" رۆژ لە دوای رۆژ روو لە زیادبوون دەکات و تەنیا ١٠%ی بنەماڵەی تووشبوان لە نەخۆشیی رۆڵەکانیان ئاگادارن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بەپێی ئاماری چەند ناوەندی راوێژکاری لە شاری جوانرۆ، رێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی \"ئیدز \" بەردەوام روو لە زیادبوون دەکات و ئەو رێژەیەش هەتا ئێستا گەیشتۆتە٢٠٠ کەس.

سەرچاوەیەکی باوڕپێکراو بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سەرجەم ناوەندە راوێژکارییەکان لەبەر سڵ کردنی کۆمەڵگە لەو دیاردەیە، لە بڵاو کردنەوەی ئاماری تووشبوان بە نەخۆشیی ئیدز خۆ دەبوێرن و تەنانەت راوێژکارانیش بە تووشبوان پێشنیار دەکەن بەلای کەسەوە باس لە نەخۆشییەکەیان نەکەن.

ئەم دیاردەیە بە چەشنێک لە شاری جوانڕۆدا بە شاراوەیی ماوەتەوە کە ٩٠%ی بنەماڵەی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئیدز، لە نەخۆشیی رۆڵەکانیان ئاگادار نین ئەمەش راستەوخۆ هەڕەشە لە تەندرووستیی هاووڵاتییان دەکات.

بەپێی ئەو ئامارە زرۆبەی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی ئیدز، گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکانن و هاوکات رێژەی تووشبوانی ماددەهۆشبەرەکانیش رووی لە زیادبوون کردووە و تەنانەت بۆ نێو گوندەکانیش پەلی هاویشتووە.