ژمارەیەك چالاكی فەرهەنگی لەژێر ناوی\"لەبۆكان تا كۆبانی بەرخودانە\" مانیان گرت

15:36 - 27 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: ١٧ كەس لەمامۆستایانی زمانی كوردی، هونەرمەند، مافناس و روناكبیرانی شاری بۆكان بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێرشی داعش بۆ سەر خاكی كوردستانی سووریە و رێزگرتن لەبەرخودانی نەتەوەی كورد لە كۆبانی بۆ ماوەی سێ‌رۆژ مانگرتن لەخواردنیان راگەیاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەندامانی كەمپەینی \" لەبۆكان تا كۆبانی بەرخودانە\" لەرۆژی شەممە رێكەوتی ٢٦‌ی رەزبەرە بەنیشانەی پشتیوانی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵكی كۆبانی مانیان لە خواردن گرتووە و بەپێی بڕیاری پێشووی رێكخەران، ئەو مانگرتنە بۆ ماوەی سێ‌رۆژ بەردەوام دەبێت.

سمكۆ مەعرووفی وەكوو رێكخەری ئەو مانگرتنە و مامۆستای زمانی كوردی لەوتووێژیكدا بەئاژانسی كوردپای راگەیاند، ئێمە مانگرتووان بە سێ‌مەبەستی \"پشتیوانی لە دەسكەوتە مرۆییەكان، مەحكووم كردنی بێ‌رێزییەكان بە مرۆڤ بەتایبەت بە ژنان و هەروەها پشتیوانی لەسروشت و ئیدانەكردنی سیاسەتی لەناو بردنی ژینگە\" ئەو چالاكییەمان دەست پێكردووە.

\"22758.jpg\"
سمکۆ مەعرووفی رێکخەری مانگرتنەکە
ئەو مامۆستایەی زمانی كوردییە پێی وابوو، پشتیوانی لەسروشت بەو مانایەیە كە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان سەرەڕای ئەوەی كە بنكە و بارەگاكانی داعش بوردومان دەكەن هاوكاتیش ژینگەی كوردستان لەناو دەبەن.

مەعرووفی وتیشی: ئێمە مانگرتووان (لەچوارچێوەی دەستەیەك)‌دا سەر بە هیچ رێكخراوی سیاسی و فەرهەنگی و لایەنێك نین و بەشێوەی سەربەخۆ كاردەكەین و ئەو چالاكیەشمان تەنیا بە مەبەستی مەحكووم كردنی تیرۆریزم رێكخستووە و دواتریش ئەو مانگرتنە بەربڵاوتر دەكەینەوە.

ئەو چالاكە فەرهەنگییە كە بۆ خۆشی یەكێك لەمانگرتووانە ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا (دووەهەم رۆژی مانگرتن) هیچ ناوەندێكی دەوڵەتی یان ناحكوومی پێوەندی پێوە نەگرتووین و پەیوەست بە مانگرتنەكە نەبووە.

ئەو ١٧ كەسە راگەیەندراوێكیشیان سەبارەت بە مانگرتنەكەیان بڵاو كردۆتەوە و لەبەشێكی‌دا هاتووە، ئێمه كۆمەڵێك له مامۆستایانی زمانی كوردی ، چالاكانی مەدەنی، مافناسان و هونەرمەندانی شاری بۆكان، بۆ ئیدانه كردنی هێرشی دڕندانەی گرووپی داعش و هاوپەیمانانی بۆ سەر سرووشت و مرۆڤایەتی و ئایینی پیرۆزی ئیسلام له رۆژی شەممە ٢٦ی رەزبەرەوە بۆ ماوەی ٣ شەو و رۆژ مانگرتن لەخواردن رادەگەیەنین.

ناوی مانگرتووان:

هادی عەزیزی مامۆستای زمانی كوردی ـ سمكۆ مەعرووفی مامۆستای زمانی كوردی ـ ئەمیر پیادە مامۆستای زمانی كوردی ـ هێرۆ فەقێ عیسا مامۆستای زمانی كوردی ـ سووسەن حەسەن زادە مامۆستای زمانی كوردی ـ ئاكۆ عەبباسی مامۆستای زمانی فەرانسی ـ مونیرە فەیزه مامۆستای قوتابخانه و چالاكی مەدەنی ـ شۆڕش ئەحمەدپووری شانۆكار ـ لەتیف شوكورزادە شانۆكار و چیرۆك‌نووس ـ ئەنوەر پیادە مافناس ـ شلێر فەرامەرزی چالاكی مەدەنی ـ ئەیوب میری كارناسی ئابووری ـ ئیسماعیل سانیار چالاكی مەدەنی ـ ئەیوب رەشیدی وەند چالاكی مەدەنی ـ سۆران ئەولازادە شاعیرـ هیوا مەحموود نژاد شاعیر ـ عوسمان نووری چالاكی مەدەنی