ژمارەیەك چالاكیی ژینگەپارێزی لەمەریوان و جوانڕۆ بەڕێوە چوو

13:07 - 6 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: چالاكانی ژینگەپارێزی و ژمارەیەك لە هاووڵاتیانی شارەكانی مەریوان و جوانڕۆ بە هاوكاری ئەنجومەنە ژینگەپارێزەكان دەستیان بە چاندنی بەڕوو كردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی هەینی رێكەوتی ٥ی بەفرانبار ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان رێوڕەسمێكی تایبەت بە ژینگە و ئەنجامدانی چالاكی نەمام چاندن بەڕێوە بردووە كە تێیدا وێڕای بەشداری بەرچاوی هاووڵاتیان، پەیامی سەرپەرەستی گشتیی ژینگەپارێزی ئێران خوێندراوەتەوە.

\"23844.jpg\"
رۆژی هەینی رێكەوتی ٥ی بەفرانبار ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان رێوڕەسمێكی تایبەت بە ژینگە و ئەنجامدانی چالاكی نەمام چاندن بەڕێوە بردووە
ئەو رێوڕەسمە كە لەژێر ناوی \" جنگلانە\" بووە هاوكات لە ١٢ ئوستانی ئێران بەڕێوە چووە و تێیدا باس لە خەسارەكانی سەر ژینگە و هەروەها كۆمەڵێك ئامار و داتاش بڵاو كراوەتەوە.

هەر لەو رێوڕەسمەدا وێڕای ئەنجامدانی چالاكی ژینگەپارێزی، كارناسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی شارستانی مەریوان چەند رێنوێنێكی تایبەت بە چۆنیەتی و شێوازی چاندنی نەمام و بەڕوو پێشكەش كردووە.

بەپێی زانیارییەكان نزیك بە دوو هێكتار زەوی و زاری دەورووبەری ناوچەی \" كانی قولە جان\" لە نزیك زرێبار نەمام و دار بەڕووی لێ‌چێندراوە.

لەلایەكی دیكەوە ئەنجومەنی سەوزی ماپرێسی جوانڕۆش لەو چالاكیانە بێبەری نەبووە و وێڕای بانگهێشت كردنی لایەنگرانی ژینگە، چالاكی نەمام چاندن بە تایبەت بەڕوویان بەڕێوە بردووە.

پێشتریش ئومید ئەحمەدیان یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی سەوزی ماپرێس لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئاشكرای كردبوو، چالاكی چاندنی تۆوی بەڕوو چیدیكە تایبەت بە جوانڕۆ نیە و ئێستا هەموو كوردستانی گرتۆتەوە و لاوانی شارەكانی دیكەی كوردستانیش بۆ وێنە شارەكانی نەغەدە، پاوە، سەردەشت، رەوانسەر، شنۆ، سنە، سەلاسی باوەجانی، ئیلام، مەهاباد، مەریوان، پیرانشار، هەولێر و سلێمانیە لەو گەڵاڵە كۆمەڵایەتیەیدا بەشدارن.

ئەحمەدیان باسی لەوەش كردبوو، \"من وەكوو چالاكێكی ژینگەپارێز لەرەوتی كار و پشتیوانیەكان بەتەواوەتی رازی نیم و پێویستە دەوڵەت بایەخی زیاتر بە داربەڕووەكان بدات و ئەگەر رەوتی لەناو چوونەكانی لێڕەوارەكان درێژە بكێشێ‌چیدیكە ناتوانین شایەتی زاگرۆسێكی سەر سەوز ببن.

\"23840.jpg\"

\"23843.jpg\"

\"23842.jpg\"