ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی مانگرتوو لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

14:39 - 31 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ڕەوتی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو مانگرتنە، ڕێگای دەسبەسەرکردن و هەڕەشەیان لە دوکانداران و بازاڕیان گرتووەتە بەر.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، دەستیان بە ڕەشبگیری ژمارەیەک لە دوکانداران و کاسبکاران کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری جوانڕۆ ڕاگەیاند: \"ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، هێزە ئەمنیەتییەکان یەکێک لە بازاڕیانی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"ئەبووبەکر محەممەدی\" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست\".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژدا، کە بازاڕیان شارە سنوورییەکان، بۆ کرانەوەی سنوورەکان مانیان گرتووە، لانیکەم ١٢ کەس لە دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆڕتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خاکەلێوە، لە شاری مەریوان لانیکەم ٤ کەس دەسبەسەر کراون کە تەنیا شوناسی یەک کەس لەو چوار هاووڵاتییە دوکاندارە بە ناوی \"هیوا زاهد\" بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە باسی لە دەسبەسەرکرانی کەسێک بە ناوی \"ڕەزا ئەسەدی\" کرد و هەروەها ڕۆژی ڕابردوو، ئاژانسی کوردپا شوناسی دوو کەسی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی شاری بانە بە ناوەکانی \"موحسێن عەلیزادە\" کوڕی عەلی و \"ڕزگار ڕەفاهی\" بڵاو کردبووە.

لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوەوە، بازاڕیانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان، زیادکردنی نرخی گومرکەکان دەستیان دایە مانگرتن و ئەم مانگرتنانە فراوانتر بووه و شارەکانی مەریوان، سەقز و پیرانشاریشی گرتەوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەریوان، بانە و جوانڕۆ هەڕەشەیان لە بازاڕیانی مانگرتوو کردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بێنن و لە ئەگەری بەردەوامبوونی مانگرتنەکان لەگەڵ سزای قورسی قەزایی و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کار بەرەوڕوو دەبنەوە.