ژمارەیەک لاوی سەردەشتی سەردانی منداڵانی کاریان کرد+وێنە

16:21 - 23 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت لە رۆژی جیهانیی \"نا بۆ کاری منداڵان\"، منداڵانی کاریان لە دووکانەکانی ئەو شارە بەسەر کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی مانگی جۆزەردان چەند کەس لە لاوان و چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت لە حەرەکەتێکی خۆڕسک‌دا، وێڕای سەردان بۆ شوێنی کاری منداڵان، بە پێشکەش کردنی گوڵ و کتێب، رێزیان لە منداڵانی کار گرت.

یەکێک لەو چالاکانە لە لاپەڕەی شەخسیی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: \"ئەو منداڵانە ئاشقی ژیان و تێگەیشتن بوون و زۆربەیان ئاواتی گەورەیان لە مێشکدا بوو، کە دەیانهەوێ لە داهاتوودا ببنە کەسایەتییەکی مەزن\".

هەروەها نووسیویەتی، \"یەکێک لەو منداڵانە بەناوی دانا، بە تەواوەتی شارەزای نەخشەی سەر دیوارەکە بوو، تەنانەت باسی لە کێشەی نێوان ئۆکراین و رووسیاش دەکرد\".

بەپێی مادەی ٧٩ی یاسای كار كردن لە ئێران، کار کردن بە منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ بە تواوەتی قەدەغەیە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی ئاماری منداڵانی كار سنووری ٧ ملیۆن کەسی تێپەراندبوو.

پێشتر \"محیا واحیدی\" چالاکی مافی منداڵان رایگەیاندبوو، نێونجی تەمەنی منداڵانی کار لە ئێران لە نێوان ١٠ هەتا ١٥ ساڵدایەو تەنانەت منداڵی تەمەن ٥ ساڵ و بگرە منداڵی شیرەخۆرەش بە باوەشی دایکیانەوە بە ناچاری ئاوێتەی رەوتی کار کردن بوونە\".

لە بەرەبەری کۆتایی هاتنی وەرزی خوێندن، ژمارەیەک لە منداڵان بەهۆی هەژاریی بنەماڵەکانیانەوەو دۆخی خراپی ئابووری لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، روو لە کارگە و دووکانەکان دەکەن، کە زۆربەی ئەو شوێنانە بە شوینی مەترسی‌دار و کارەکانیشیان بە کاری تاقەت پڕووکێن بۆ منداڵان ئەژمار دەکرێن.

(چوونەسەرەوەی رێژەی بێکاری و زیادبوونی حەشیمەت بەتایبەت لە شارە بچووک و پەراوێز خراوەكان كە ئەمەش دەبێتە هۆکاری كۆچ كردنی منداڵان بۆ سەر شەقامەکان، زۆر بوونی رێژەی تەڵاق، گیرۆدە بوونی ئەندامانی بنەماڵە بە مادە هۆشبەرەكان، مردنی سەرپەرستی بنەماڵە) بە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی منداڵانی کار و سەرشەقام ئەژمار دەکرێن.
\"20496.jpg\"

\"20497.jpg\"

\"20498.jpg\"

\"20499.jpg\"

\"20503.jpg\"

\"20501.jpg\"

\"20500.jpg\"

\"20504.jpg\"

\"20505.jpg\"

\"20506.jpg\"

\"20507.jpg\"