ژاری مێروولە سێ کچە خوێندکاری ژاراوی کرد

14:06 - 1 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سێ کچە خوێندکاری کورد، لە زانکۆی فەنیی کشتوکاڵی شاری سنە، بە ژاری مێروولە ژاراوی بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٢.٤٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، بە هۆی خواردنی دەرمانی مێروولە بە جێگای خوێ، سێ کچە خوێندکاری کورد ژاراوی بوون.

شوناسی ئەو سێ کچە خوێندکارە، بە ناوەکانی \"شەکیلا عەلیمورادی تەمەن ١٩ ساڵ، یەسرا عەزیزی تەمەن ٢٠ ساڵ و زەهرا شەهلایی تەمەن ١٧ ساڵ\" ڕاگەیەندراوە.

ئەم کەسانە، خوێندکاری زانکۆی فەنیی کشتوکاڵی شاری سنە بوون و لە شوێنی نووستنگەکەیاندا \"خوابگاە\" تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

خوێندکارانی ژاراویبووی زانکۆی فەنیی کشتوكاڵی شاری سنە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە کراون و لە ژێرچاوەدێریی پزیشکیدان.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ یەک لە بەرپرسانی زانکۆ و حکوومەتی بە نیسبەت ئەو ڕووداوە لێدوانێکیان لەو باریەوە نەداوە.