ڕەواییدانی دووبارە بە کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە

13:50 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان، جارێکی دیکە ڕەواییان بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد دا.

جێگری سیاسی_ئەمنییەتی پارێزگای کرماشان، لە ناساندن دادستانی نیزامیی شاری کرماشان ڕایگەیاند: مافیای هێز و سامان لە دەستەواژەی \"کۆڵبەر\" بە بیانووی گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵک وەردەگرن.

محەممەدئیبراهیم ئیلاهی‌تەبار، ڕایگەیاند: کەسانێک بە شوێن لاوازکردنی ئیرادەی هێزە چەکدارەکان و لاواز نیشاندانی سنوورەکانی ئێمەن، خاڵە سنوورییەکانی تایبەت بە کۆڵبەران دیارن و بێجگە لەوە ئەو ڕێگایانە، ئەوانی دیکە بە قاچاق دەژمێردرێن.

جێگری سیاسی_ئەمنییەتی پارێزگای کرماشان هەروەها پێداگری لەسەر بەهێز کردنی هێزە چەکدارەکان لە ڕاستای بەهێز کردنی سنوورەکان کرد و ڕایگەیاند: دەبێ لە سنوورەکان چاوەدێریی توند و تۆڵتر هەبێت، چونکە ئەگەر بڕیار بێت هەر کەسێک ئازادانە هاتووچۆ بکات و چاوەدێریی لەسەری نەکرێت ئەمنییەتی وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە.

پێشتریش، جێگری سیاسی و ئەمنییەتیی وەزیری ئێران، حوسێن زوڵفەقاری، لە وڵامی یەکێک لە هەواڵسازانی ئیلنا، کە لەسەر وردەکاریی کوشتنی کۆڵبەرێک لە سنوورەکانی کوردستان پرسیاری لێ کردبوو، وتبووی: ئێمە شتێک بە ناوی کۆڵبەرمان نییە؛ ئەم وشەیە کە کەس نازانێت لە کوێیەوە هاتووە، هەم بۆ خەڵک هەم بۆ بەرپرسان کێشەی ساز کردووە.

\"\"محەممەد ساحیبی بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران
لەو پەیوەندی لەگەڵ ڕەواییدان بە کوشتنی کۆڵبەران، بەرپرسی دەزگای ئەمنییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران ڕایگەیاند: کوشتنی کۆڵبەران لە لایەن ھێزە نیزامی و ئـینتزامییەکانی کۆماری ئـیسلامی ڕۆژانە بەرێوە دەچێت و ئـەم شێوازە لە قەتڵوعامی کاسبکارانی کورد لە بیروڕای گشتیی خەڵک لە ئـێران و بەتایبەت کوردستان ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی ھەیە، ھێزە ئـەمنییەتییەکانی کۆماری ئـیسلامی دەیانەوێت بە ناونانی کەسبکارانی نانی شەرافەتمەندانە بە قاچاخچی ڕەوایی بە کوشتنیان بدەن و ھەروەھا بەو بەرچەسپانە پشتیوانیی بیروڕای گشتیی خەڵک لەو توێژە کە لە ڕووی ناچارییەوە دەستیان داوەتە کۆڵبەری بەلاڕێدا ببەن و خەڵک کاردانەوەیان دژی کوشتاری بەرنامەدارێژراوی کۆڵبەرانی بێدەرەتانیان نەبێت.

محەممەد ساحیبی لە وڵامی پرسیاری ئاژانسی کوردپا سەبارەت بە توندوتۆڵ کردن و چاوەدێریی سنوورەکان ڕایگەیاند: ئـەوەی بڕیاری چاوەدێریی توند و تۆڵیی سنورەکانیان داوە ڕاستە و دەکرێت ھۆکاری جۆراوجۆری ھەبێت. دەزگا ئـەمنییەتی و نیزامییەکانی کۆماری ئـیسلامی لە ھەموو لایەک باشتر دەزانن کۆماری ئـیسلامی نە لە باری سیاسی و نە لە باری ئـابووری ناتوانێت وڵامدەری ویست و داخوازیی خەڵکی وەزاڵەھاتوو بێت، ھەر بۆیە پێی وایە ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخی ڕێژیم بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات و پێی وایە ھاتووچۆ لە سنوورەکان مەترسییان لەسەر دروست دەکەن.

٢ـ سپای پاسداران و ئـیتلاعاتی کۆماری ئـیسلامی کە بۆ خۆیان مافیایی قودرەت و سروەتن و زۆربەی کاڵای قاچاخ بە ھۆی ئـەو دەزگایانە دەچێتە نێو ئـێرانەوە، نایانەوێت کەسی دیکە ھەر چەند لە ڕووی ناچاری و بێ کیفایەتی ئـەو ڕێژیمە ڕووی لە کۆڵبەری کردووە بتوانێت پارە و نانێکی شەرافەتمەندانە بە دەست بێنێت و خەڵک زیاتر لە جاران بێکار و برسی و چاو لە دەستی ڕێژیم بەتایبەت ئـەو ھێزە سەرکوتکەرانی ڕێژیم بێت و زیاتر لە خزمەت ڕێژیمدا بن؟

محەممەد ساحیبی گۆتی: ئـەو قسانە بۆ ئـەوەیە یا دەرخەری ئـەو ڕاستیەیە کە کۆماری ئـیسلامی نە دەتوانێت و نە دەیەوێت کێشەی سیاسی و ئـابووریی خەڵک چارەسەر بکات و تەنیا ڕێگای کوشتن و قوربانیکردنی خەڵکە و بەو بەرنامانەی دەیەوێت خەڵک چاوترسێن بکات، ھەر بۆیە کۆماری ئـیسلامی لە رێگای سپای پاسداران و ھێزە ئـەمنییەتییەکانی ھەوڵی گرتنی ڕێگاکان بە مینڕێژکردن و تەقەکردن لە کاسبکاران و کوشتنی سیستماتیک، سنوورەکان کونترۆڵ بکات؛ لە چەند مانگی ڕابردوودا بەداخەوە سپای پاسداران بە ھاوکاریی ئـیتلاعات پیلانی ئـەوەیان داڕشتووە کە لە ھێندێک شوێنی گرینگی سنوورەکاندا زەوی و زار بکڕێت و خەڵکی غەیرە کوردی لێ جێگیر بکات، کە ھەم لە باری سیاسی و نیزامی و ھەم لە بواری ئـابووریدا سنوورەکان کونتڕۆڵ بکات.