ڕەوانەکردنی هێز و چەکی قورس بۆ ناوچەی \"پیرمحەممەد\" لە شاری بۆکان

15:51 - 18 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران پاش شەڕ و تێکەڵچوون لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا، لە ناوچەی \"پیرمحەممەد\" شاری بۆکان، هەوڵی ڕەوانەکردنی هێزی زۆرتر و چەکی قورسی بۆ ئەو ناوچەیە داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانەکردنی چەکی قورس و هێزی زۆری بۆ گوندەکانی \"کۆکە\"، \"دەرەشان\"، \"چوار دیوار\" و گوندەکانی دیکە ناوچەی \"پیرمحەممەد\" لە شاری بۆکان داوە.

ئەم هەوڵەی سپای پاسداران پاش شەڕ و تێکەڵچوونی هێزەکانی ئەم ناوەندە نیزامییەی حکوومەتی ئێران لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا لە ناوچەی \"پیرمحەممەد\" رووی داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ، فەرماندییی هێزەی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە حدکا، بە بڵاوکردنەوە ڕاگەیەندراوێک لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەم حیزبە، شەڕ و تێکەڵچوونی لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری بۆکان پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: \"شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دەوروبەری گوندی کۆکە لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕووی دا، که زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاندووە.

فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەو ڕاگەیەندنەدا ڕاگەیاندووە، لەو شەڕەدا ٤ کەس لە ئەندامانی سپای پاسدارانی ڕێژیم کوژرا و بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوی فەرماندەییی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، باسی لە هێرشی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەی \"پیر محەممەد\" کردووە.