ڕەشبگیریی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە شارەکانی کوردستان بەردەوامە

21:23 - 6 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی دوو هاووڵاتیی کوردیان لە شاری ساین قەڵا دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری ساین قەڵا سەر بە پارێزگای ورمێ دوو هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ساین قەڵا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی \"عەلی جەوادی و محەممەد ڕازی\" ڕاگەیاندووە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی پشتیوانی‌کردن له گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە بەردەستدا نیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، زیاتر له ٢٠ هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە پێوەندیی لەگەڵ شای و خۆشی دەبڕینی پرۆسەی سەرکەوتووانەی ڕێفراندۆم ، لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لەو شارە دەستبەسەر کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری کامیاران وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە شوناسی سێ کەس لەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوانەی بەم چەشنە ڕاگەیاند:
_یاسر فەرەجوڵڵاهی ـ فەرەیدون کەریمی ، خەڵکی ئاوایی مێسورا- لایق ڕەحمانی خەڵکی گوندی لۆنەکۆن.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سێ هاووڵاتییە لە کاتی شایی و خۆشی دەبڕینی سەرکەوتنی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی پاشووری کوردستان دەستبەسەر کرابوون.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، کەش و هەوای شاری کامیاران لە لایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە ئەمنیەتیی کراوە و ئیزن نادەن خەڵکی زیاتر لە دوو هەتا سێ کەس پێکەوە کۆببنەوە.

هەروەها، هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری شنۆ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی \"هەژار فەرەج\" خەڵکی گوندی\"گورگئاوێ، دەستبەسەر کردووە.