\"ڕەخنە لە قەسیم عوسمانی\" دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کوردی بە دواوە بوو

14:57 - 29 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەجید حەسەنیانی\" خەڵکی گوندی \"میرئاوای\" شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و ناوبراویان بە تۆمەتی \"ڕەخنە گرتن لە قەسیم عوسمانی\" نوێنەری حکوومەت لە مەجلیسی ئێران دەستبەسەر کردووە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە پیشەی مکانیکە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە حەوتووی ڕابردوو لە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان ڕەخنەی لە قەسیم عوسمانی گرتبوو، بەڵام پاش حەوتوویەک هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا لە سەرەتای مانگی ژانوویە هەتا کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتوبری زاییینی، ١٨٢٨ هاووڵاتیی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تۆمەتی جۆراجۆر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی حکوومەتییەوە دەستبەسەر کراون.