ڕێگە لە خوێندنی کچە خوێندکارێکی پەیڕەوی ئایینی بەهایی گیرا

14:39 - 11 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: گوشار خستنەسەر ئەندامانی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە لایەن دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران درێژەی هەیە و کچە خوێندکارێکی ئایینی سەر بە ئایینی بەهایی لە زانکۆی \"آل طە\"ی تاران لە خوێندن بێبەش کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی پێنج‌شەممە ٩ی بەفرانبار، حیراسەتی زانکۆی تاران لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا بە ئەو کچە خوێندکارەیان ڕاگەیاندووە کە؛ \"بە هۆی پەیڕەویی کردن لە ئایینی بەهایی ناتوانین لە زانکۆ وەرت بگرین\".

هەواڵدەرییەکان شوناسی ئەو کچەیان بە \"پێگاە دێهقانی محەممەدی\" هاووڵاتیی بەهایی و دانیشتووی شاری تاران ڕاگەیاندووە.

بەرپرسانی زانکۆ لە کاتێکدا ئەو کچە خوێندکارەیان لە خوێندنی زانکۆ بێبەش کردووە کە ناوبراو سەرقاڵێ خۆ ئامادە کردن بۆ تاقیکردنەوەکانی تێرمی یەکەمی زانکۆ لە بەشی عیلمی کاربوردی_نەرمە ئامێری کامپیوتێر بووە.

\"\"
پێگاە دێهقانی محەممەدی
ئەمساڵ نزیک بە ١٣٠ هاووڵاتیی بەهایی پاش ناونووس کردن و بەشداریی لە کۆنکووری ساڵی ٩٥ی هەتاوی، بە هۆی باوەڕمەند بوونیان بە ئایینی بەهایی لە مافی خوێندن لە زانکۆکانی ئێران بێبەری کراون.

بەگوتەی کۆمەڵەی بەهاییانی نیشتەجێی ئورووپا، نزیک بە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتیی پەیڕەوی ئایینی بەهایی لە ئێراندا دەژین، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ئایینی بەهایی بە فەرمی نەناسیوە و بەهاییەکان لەوڵاتی ئێران لە مافی خوێندن لە قۆناغەکانی زانکۆ و هەروەها دامەزران لە دەزگا حکوومییەکاندا بێبەش کراون.

ئایینی بەهایی لە ئیڕاندا وەک مەزهەب بە فەرمی نەناسراوە و حکوومەتی ئێران لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بەردەوام بە پێشێل کردنی مافە مرۆیی و شارۆمەندییەکانی بەهاییەکان تاوانبار و مەحکووم کراوە.