ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستان پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

14:49 - 6 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکانی کوردستان سەبارەت بە شەهیدبوونی کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە پەیامێكدا جەختیان لەسەر بەردەوامی ڕێگای کاک شەریف کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

کاتێ زانیان دڵت پاپۆڕی ئەوینە و بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی، هاتن سینگتیان هەڵدڕی!

خەڵکی بە شەڕەفی کوردستان

ئەندامانی سەوزی چیا

خەڵکی بە ئەمەگی مەریوان و بنەماڵەی سەربەرزی کاک شەریف و هاوڕێیانی!


تاریک پەرستان و ناحەزانی سەوزایی و ئاوەدانی وڵات، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ تێکدانی ژینگە و ڕێگرن لە بەر دەم هەر دڵسۆز و هەڵسووڕاوێک کە لە خزمەت بەو نیشتمانە هەنگاو دەنێ، ئەوەی ڕوونە تەنیا بەشێکی کەم لە ئێران ماوە سەوزایی لە سەر پێی مابێت و بتوانێ مەکۆی ئاسوودەیی و ئارامی مرۆڤ، ئاژەڵ و گژوگیا و دارستان بێت، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی بەرچاوی سەوزایی لە خۆ دەگرێت.

لە چەندین ساڵی ڕابردوودا خەڵکی کوردستان هەستی بە مەترسییەکانی سەر ژینگەی خۆی کردووە و هەر بەو هەسته نیشتمانپەروەری و ژینگەویستییە لە زۆربەی شار و تەنانەت دێهاتەکانیش ڕێکخراوی ژینگەپارێزی دامەزراون و خەریکن بەوپەڕی ئازایەتی و لەخۆبردوویی پارێزگاری لێدەکەن، سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی بەردەمیان و ئەو گرفتانەی کە ڕۆژانە بۆ لێدانی دڵسۆزانی ژینگە دێننە پێش دیسانیش لە وچان ناکەون.

بازاڕی ڕاگواستنی ئاوەکان، لێدانی بەنداوی زۆر و نا کارناسانە، ئاگرتێبەردانی لێڕەوار، لێدانی جادە و بە گشتی گوێ نەدان بە هیچ کام لە یاساکانی ژینگەپارێزی ئەرکی ژینگەپارێزانی قورستر کردووە.

قوربانی بوونی کاک شەریف و هاوڕێیانی و دەسبەسەر کردن و ترساندنی ژینگەپارێزان، وێڕای ئەوەیکە زەنگێکی مەترسیدارن لە بەردەم ڕەوتی پارێزەرانی ژینگە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دەسەڵات خەمی پاراستنی ژینگەی لەبەر نییە و خەڵکی کوردستانی ناچار کردووە قوربانی بۆ بدەن، قوربانیدانێک کە کۆتاییەکەی لە قازانجی هەموو خەڵکی ئێرانە دەشکێتەوە!

بێ گومان ئەگەر لایەنە پێوەندیدارەکان پاراستنی ژینگەیان بۆ گرنگ با، ڕەنگە کەسایەتییەکی گەورەی وەکوو کاک شەریفمان لە دەست نەدەدا، کە بە حەق خەسارێکی گەورە و برینێکی قووڵی خستە جەستەی نیشتمان.
ئەوەندەی لە خەزێنەی وڵات تێچووی سیاسەتی هەڵەی ڕاگواستنی ئاوەکان و تێکە و لێکەی دیکە دەکرێت، بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر، دەکرێ وڵات لە بواری ژینگەیی و ئاوەدانی بەرەو پێش بەرن.

ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و سەرەخۆشی، خۆمان بە شەریک و بەشداری ئەم کارەساتە جەرگبڕە دەزانین و پەیمان نوێ دەکەینەوە کە چڕتر و ڕژدتر لە جاران ڕێگای کاک شەریف بەر نادەین و ئەو پەیامە ئاراستەی رۆحی ئاسوودەی دەکەین کە، ئەگەرچی جەستەی کۆڵووی پیرۆزت لامان نییە بەڵام گڕی ئاگری نیشتمانپەروەریت لای ئێمە هەتاهەتایی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

١. ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشار
٢. ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە(باشوور)
٣. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژینکۆ ـ شنۆ
٤.گرووهی ژینگەیار ـ کەمپەینی نەجات بەخشی کانی بڵ
٥. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی سەوزی چیا ـ مەریوان
٦. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی پاژین ـ بانە
٧. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی ژیوا ـ پاوە
٨. ئەنجومەنی سەوزبیرانی لاوی مەهاباد
٩. ئەنجومەنی ژیانەوەی سرووشت ـ مەهاباد
١٠. ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەییەکانی سەردەشت
١١. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات ـ بۆکان
١٢. باشگای شاخەوانی سامڕەند ـ نەغەدە
١٣. ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز
١٤. ئەنجومەنی ژینگەپارێزی چرۆی سەوز ـ قوڕوە
١٥. ئەنجومەنی لایەنگرانی ژینگە ـ سەلاسی باوەجانی
١٦. ڕێکخراوی سروشتی کوردستان ـ باشوور
١٧. ئەنجومەنی ژیانەوەی سروشت ـ مەهاباد

٥ـی خەرمانانی ٢٧١٨ـی کوردی