ڕێکخراوی UNPO دەستبەسەر و ئێعدامی زیندانیانی سیاسی کوردی مەحکووم کرد

21:44 - 8 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: لە سێزدەهەمین کۆنگرەی ڕێکخراوی UNPO بڕیارنامەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ پێشێکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پەسند کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێ شەممە ٦ی پووشپەڕ، سێزدەهەمین کۆنگرەی ڕێکخراویUNPO لە دووهەمین ڕۆژی کاری خۆیدا، بڕیارنامەیەکی لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات پەسند کرد.

لە بریارنامەی ئەو ڕێکخراوەدا، ئێعدام کردنی زیندانیانی سیاسی کورد و چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان و زیندانی دیکە لە لایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە توندی مەحکووم کرد.

ڕێکخراوی UNPO داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات کە تەواوی ئێعدامەکان ڕابگرێت و پابەند بە یاسا نێونەتەوەیەکان لە پەیوندیی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بێت.

ئەو ڕێکخراوە نادەوڵەتییە نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت پێشێلکردنی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی دیکە ئێران دەربڕی.

ئەو ڕێکخراوەیە داوا لە ئێران دەکات دەست لە میلیتاریزەکردنی کوردستان و هەرێمی نەتەوەکانی دیکە ئێران هەڵگرێت.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها نیگەرانیی خۆی بە نیسبەت بارودۆخی زیندانیان سیاسی کورد، کە بە شێوەی نادادپەروەرانە و لە دەرەوەی چوار چێوەی یاسای ئێعدام و زیندانی درێژخایەن مەحکووم کراون، ڕاگەیاند.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی، نووسەران، ڕۆژنامەوانان و چالاکانی کرێکاری و مافی مرۆیی دەربڕی.

ڕێکخراوی UNPO داواکاری کۆتایی هێنان بە کوشتاری کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە لایەن نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کردووە.

ئەو بڕیارنامەیە لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و یەکەمین حیزبی گەورەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە سێزدەهەمین کۆنگرەی پێشکەش و بە تێکڕای دەنگ پەسەند کرا.

UNPO بە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان دەگوترێ و مقەری سەرەکیی ئەو ڕێکخراوە نادەوڵەتییە لە وڵاتی هولەند دایە.