ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، داوای چارەسەری پزیشکی دەستبەجێ بۆ \"زەینەب جەلالیان\"ی کرد

16:12 - 11 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی،پێڕانەگەیشتن بە زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد بۆ چارەسەری پزیشکی بە واتای\"ئەشکەنجە\" دەزانێت.


بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرپرسانی زیندانو دەزگای قەزایی سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ چارەسەری پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دژایەتییان کرد.

ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤە ڕایگەیاندووە: ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە زۆر نەخۆشە و پێویستی بە چارەسەریی پزیشکیی تایبەت، لە دەرەوەی زیندان هەیە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خۆبواردن لە چارەسەریی پزیشکی بۆ زەینەب جەلالیان بە سزای توند و وەرگرتنی\"دانپێنانی زۆرەملی\" لە ناوبراو دەزانێ.

ئەو ڕێکخراوە داوا لەداکۆکی‌کارانی مافی مرۆڤ دەکات، کە بە نووسینی نامە بە زمانەکانی فارسی، ئینگلیسی، ئیسپانیایی، فەرانسەیی و یان بە هەر زمانێکی دیکە داوا لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بکەن و سێ داواکارییە جیبەجێ بکەن:

یەکەم : دەستبەجێ چاوەدێری پزیشکی تایبەت سەبارەت بە پێداویستییەکانی زەینەب جەلالیان بە تایبەتی نەشتەرگەری چاو لە دەرەوەی زیندان، ناوبراوە لە بەرانبەر ئازارو ئەشکنجە و هەڵسوکەوتە نالەبارەکانی دیکە بە تایبەت خۆبواردن لە چاوەدێری پزیشکی شیاو پارێزگاری بکەن.

بە ڕاسپاردەی کاریی گرووپی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە باری دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە سەبارەت بە ئازادی دەستبەجێی زەینەب جەلالیان و دابین کردنی مافی قەرەبوو کردنی خەسارەت هەنگاوی کردەکی هەڵبگرن.

بڕیار بدەن کە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ، سەربەخۆ و بێ‌لایەنانە لە مەڕ سکاڵای پەیوەندیدار بە ئەشکنجە و ئەو هەڵسوکەوتە نالەبارانەی کە لەگەڵ زەینەب جەلالیان روویداوە و کەسانی بەرپرس بە تایبەتی بەرپرسانی باڵای بە شێوەی دادپەروەرانە و بەبێ‌ هانا بردن بۆ لە سێدارەدان سزا بدرێن.

زەینەب جەلالیان، ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەو چالاکە سیاسییە، لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامییەوە بە تۆمەتی \"محاربە\"، حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ بڕایەوە و دواتر ئەو حوکمە بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.