ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی: حوکمی سزای ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی دژایەتی لەگەڵ یاسا نێونەتەوەییەکاندا هەیە

15:20 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانییەکی سیاسیی کوردی کردووە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا، دادگایی و بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بۆ ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی بە \"نادادپەرەوەرانە\"وەسف کردووە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە دەڵێت: ئەو حوکمە لە ئەنجامی دادگایی نادادپەروەرانە و بە دوایی چوار مانگ ونبوون، بۆ ئەو زیندانییە کوردە بڕدراوەتەوە\".

لە بەیاننامەی ئەو ڕێکخراودا هاتووە: \"لە مەودای نێوان دەسبەسەری و دادگایی کردنی ڕامین حوسێن‌پەناهی تەنیا جارێک ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەرەکەی پێ دراوە و ئەو چاوپێکەوتنەش بە ئامادەبوونی مەئموورانی ئیتلاعات ڕووی داوە\".

دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کرد. ئەو حوکمە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیندرا.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسیەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: ئەگەر یاسا سەروەر بێت دەبێ حوکمی ئێعدامی ڕامین هەڵبوشێتەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێش لە تەواوبوونی چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە. پاش دەسبەسەرکردنی ڕامین، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی ناوبراویشیان داوە.