ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان پیرۆزبایی لە نادیا موراد کرد

14:46 - 14 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیامێکدا، بە بۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، لە نادیا موراد کچە کوردی ئیزەدی پیرۆزبایی کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیامێکدا، هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ نادیا موراد لە یارمەتیدان بۆ باشتربوونی مافی مرۆڤی لە کوردستان خواست.

دەقی ئەو پەیامە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

پیرۆزبایی لە نادیا موراد براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ٢٠١٨


کۆمیتەی پێشکەشکردنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ڕاگەیاندووە،؛ نادیا موراد لە کوردستانی باشوور و دوکتور دنیس موکوگ لە کۆنگۆی ئافریقا براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی ساڵی ٢٠١٨ی زایینین.

نادیا موارد کچە کوردی ئیزەدی، خەڵکی شاری شەنگال، یەکێک لە چالاکانی مافی ژنان و مافی مرۆیی بووە، کە خۆی ماوەیەکی زۆر دیلی گرووپی داعش بووە و لە لایەن ئەندامانی ئەو گرووپەوە تووشی ئازار و ئەزیەتی نامرۆڤانە بووە.

ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پێشوازی لە هەڵبژاردنی نادیا موراد وەکوو براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل دەکات و پیرۆزبایی لە ناوبراو و هەروەها هەموو ئیزدەییەکان، خەڵکی کوردستانی باشوور و کوردستان دەکات و هیوای سەرکەوتنی لە یارمەتیدان بۆ باشتربوونی مافی مرۆڤ لە کوردستانی بۆ خواست.