ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان پیرۆزبایی لە بەڕێوەچوونی هێمنانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد

21:23 - 5 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: شوڕای بەڕێوبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا پیرۆزبایی خۆی لە بەڕێوەچوونی هێمنانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێكخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سڵاو بۆ ئیرادەی ئاشتیخواز و مافخوازی کوردستانی باشوور دەنێرن و پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە یەک بە یەکی خەڵک و کەمینەکان و بەرپرسانی و بەڕێوەبەرانی ئەم پرۆسە چارەنوس سازە کرد.

لە بەشێكی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە: هەروەک چۆن ئەنفال، کیمیاباران و جینۆسایدی سەرکوتکەران بووەتە بەشێک لە مێژوو و نەیتوانی کوردی باشوور لە خەبات بۆ ڕزگاری لە زوڵم و ستەم پاشەگەز بکاتەوە، هەڕەشەی سزادان لە لایەن حکوومەتی عێراق و هەندێک لە دراوسێکان و گوشارەکانی ئەم دواییانەی پاشماوەکانی سەرکوتکەران نەیانتوانی کار لە ئیرادەی ئەم خەڵکە ستەم لێکراوە بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە ٢٥ی سێپتامبردا بکەن.

کوردانی باشوری کوردستان بە پشت‌بەستن بە جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ و هیمەت و ئیرادەی خۆیان توانیان لە گشتپرسیەکی دێموکراتیک دەنگ بۆ سەربەخۆی باشووری کوردستان بدەن.

شوڕای بەڕێوبەرایەتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هیوای داهاتوویەکی گەش و لێوانلێو لە ئاشتی و ئاسوودەیی و هێز و توانا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکانی بەردەمیان لە هەر چوار پارچەی کوردستان خواست.

دەتوانن بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە سەردانی بەشی فارسی ئاژانسی کوردپا بکەن.