ڕێکخراوی دادکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سپاسی بەشداریی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی گشتیی کرد

16:03 - 23 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا، سپاس و پێزانینی خۆی لە بەشداریی بەرچاو و بێوێنەی خەڵکی کوردستان، لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستانی کرد.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی دووبارەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و کوژرانی ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکان، سپاس و پێزانینی بەشداریی بەربڵاو و بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی گشتیی لە ٢١ی خەرمانان \"ڕۆژهەڵات\" لە یەکەیەکی بەشداربووانی ئەو مانگرتنە دەکات.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە بەم چەشنەیە:

سپاس و پێزانین لە بەشداریی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی \"ڕۆژهەڵات\"

خەڵکی کوردستان لە پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام، سنە و کرماشان بەگشتی لە تەواوی شارە و گوندەکانی \"ڕۆژهەڵات\" لە ماکۆ لە باکوور و هەتا ئیلام باشووری کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانان بە داخستنی بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان و شوێنی کار و کاسبی، بە بەشداریی بەربڵاو و یەکپارچە لە مانگرتنی گشتیی سیاسی-مەدەنیی، ناڕەزایەتیی گشتیی خۆیان بە نیسبەت ئێعدامەکانی ئەم دواییانە زیندانییانی سیاسی و مووشەکبارانی نووسینگەی سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها درێژەی سەرکوت و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و مافی خۆیان ڕاگەیاند و پیشان دا.

لەسێدارەدانی ٦ زیندانیی سیاسی، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، کەماڵ ئەحمەدی نژاد، ئەحەد شەباب و ناسر عەزیزی و هێرشی مووشەکیی بۆ ناوەند و نووسینگەی حیزبە کوردییەکان و کوژرانی ١٥ی کەس لە ڕێبەران و کادری سیاسی و مەدەنیی دوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کوردستان بەتایبەتی سویلا قادری، نەسرین حەداد، کەریم مەهدەوی، ئیبراهیم ئیبراهیمی، ڕەحمان پیرۆتی، هاشم عەزیزی، عوسمان عوسمانی، کەریم ڕەسووڵزادە، پێشەوا سەید عومەر، جەماڵ ئەکبەری، مەنسوور ئەکبەری‌پوور، فاروق حەسەن حەیات، موختار قادرپوور، محەممەد حەسەنپوور و هاوڕێ کارساز، لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان، لەگەڵ ناڕەزایەتی و تووڕەیی سەرتاسەریی خەڵکی ڕۆژهەڵات کوردستان بەڕەوروو بوونەوە.

ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێرای مەحکوومکردنی دووبارەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسی و کوژرانی ڕێبەرانی حیزبە کوردییەکان، سپاس و پێزانینی بەشداریی بەربڵاو و بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە مانگرتنی گشتی لە ٢١ی خەرمانان \"ڕۆژهەڵات\" لە یەکەیەکی بەشداربووانی ئەو مانگرتنە دەکات.