ڕێکخراوی بێهزیستیی سنە لە هەمبەر منداڵانی کار هیچ بەرپرسایەتییەک وە ئەستۆ ناگرێ

21:13 - 4 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: زیاتر لە ٧٠٠ منداڵی کار لە شاری سنە بوونی هەیە و ڕێکخراوی بێهزیستی ئەو شارە هیچ بەڵێنیەکی لە هەمبەر منداڵانی کار قەبووڵ نەکردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ئەندامێکی هەیئەتی دامەزرێنەری ئەمرازی شەمیمی باران ڕایگەیاند: ڕێکخراوی بێهزیستیی شاری سنە هەتا ئێستا هیچ بەڵێنیەکی بە نیسبەت پشتیوانی لە منداڵانی کار لە هەمبەر ئەو ناوەندە حکوومەتییە نەداوە.

ئازاد هاشمی ڕایگەیاند: منداڵانی کاری شەقام و کارگاکانی شاری سنە پێویستیان بە پشتیوانی و ڕێکخستنی زیاتر هەیە ئەو کارەش بەبێ پشتیوانی و یارمەتی ئیدارە و ڕێکخراوە پەیوەندییدارەکان بە تایبەت ڕێکخراوی بێهزیستی هەیە و دامەزراوە خەڵکییەکان هیچیان لە دەست نایەت.

ئەو ئەندامەی هەیئەتی بەڕێوەبەری شەمیمی باران ئەوەشی خستەڕوو، ئامارێکی ورد و دروست لە سەر منداڵانی کار نیە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە شاری سنە نزیکەی ٧٠٠ منداڵی کار شەقام و کارگەکان بوونی هەیە.
ئازاد هاشمی وێڕای ڕەخنە گرتن لە ناوەند و ئۆرگانە دەوڵەتییەکان لە هەمبەر پشتیوانی نەکردنی منداڵانی کار ڕایگەیاند: \"ئایا پشتیوانی کردن ٠١ هەتا ٢٠ لە سەدی منداڵانی کار، لە سنە کیفایەت دەکات؟ ئایا دامەزراوە خەڵکییەکان ڕکەبەری ڕێکخراوە دەوڵەتییەکانن؟\".

بە وتەی ئازاد هاشمی، ئەمساڵ ڕێکخراوی بێهزیستی هیچ جۆرە بەرپرسایەتییەکی لە هەمبەر پشتیوانی لە منداڵانی کار لە ناوەندە حکوومەتییە قەبووڵ نەکردووه.

تەنانەت بەڕێوەبەری بێهزیستیی پارێزگای سنە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەندامانی هەیئەتی بەڕێوەبەری و بەڕێوەبەری ئەو دامەزراوەیە خۆی بواردووه.

لە پێناسەی منداڵانی كاردا هاتووە:\" كاری منداڵ چالاكییەكی ئابوورییە كە لە ڕێگەی ئەو كارەوە منداڵ دەخرێتە ژێر ئازاری جەستەیی، ڕوحی و ڕەوانی و ئەو كەسەیە كە لە خوێندنیش بەجێ‌دەمێنێ‌\".

لە پێناسەی جیهان و بەپێی ماددەی یەکی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵ، \"منداڵانی کار\" بریتین لەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ زیاترە و لە ١٨ ساڵیش کەمترە و زیاتر لە ١٤ کاتژمێر لە حەتوویەکدا کار دەکەن.