ڕێبەری حکوومەتی ئێران دژایەتی خۆی لە گەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی

15:23 - 31 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێبەری حکوومەتی ئێران لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتگیری خۆی بۆ یەک پارچەیی خاکی عێراق دووپات کردەوە.

عەلی خامنەی، ڕێبەری حکوومەتی ئێران ڕۆژی سێ شەممە ٣٠ی جۆزەردان، لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پشتگیری لە تەواویەتی خاکی عێراق دووپات کردەوە و ڕاگەیاند: دەبێت لە بەرانبەر وڵاتی ئامریکا هوشیار بین و نابێت باوەڕ بەو وڵاتە بکەین، چوونکە ئامریکا و هاوپەیمانانی، دژی سەربەخۆی، شوناس و تەواویەتی خاکی عێراقن \".

ڕێبەری حکوومەتی ئێران داوای لە سەرۆک وەزیری عێراق کردووە لە هاتنی هێزەکانی ئامریکا بۆ خاکی ئەو وڵاتە بە بیانووی بارهێنان و پرسەکانی دیکە پێشگیری بکەن.

عەلی خامنەی لەو چاوپێکەوتنەدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد و گوتی:\"حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەکوو وڵاتێکی دراوسێ، لەگەڵ هێندێک دەنگۆ سەبارەت بەبەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ دابەش کردنی بەشێک لە خاکی عێراق دژایەتی دەکات و بەڕێوەبەرانی ئەو پرسە بە دژی سەربەخۆیی و شوناسی عێراق دەزانێ\".

ڕێبەری حکوومەتی ئێران ڕاگەیاند:\" وڵاتی عێراق دەبێ بەو شارستانییەتە مێژوویی، فەرهەنگی و مرۆییەوە کە هەیەتی یەک پارچە بمێنی.

بەرپرسانی باڵای حکوومەت و حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٣ ی ڕەزبەری داهاتوو یان، وەکوو ڕۆژی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی جۆزەردان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە توییتری خۆیدا بە نیسبەت ڕۆژی دیاری کردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی کوردستان خۆشحاڵی خۆی دەبڕی.

دەڵەتەکانی عێراق، تورکیە و ئێران دژایەتی خۆیان لە هەمبەر پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەبڕیووە.

هەرێمی کوردستان نزیکەی ٥ میلیۆن کەس حەشیمەتی هەیە کە لە باکووری عێراق هەڵکەوتووە.

لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای کوردەکان، کەمەنەتەوەکانی دیکە وەک، ئاشووری، تورکمەن، عەرەب، کلدانی، مەسیحی و هتد ژیان بە سەر دەبن.