ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

16:45 - 12 رێبەندان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە پاش چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو چالاکە کرێکارییەیان دەسبەسەر کردووە و ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان پاش بەدواداچوونی بەردەوام و سەردانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کرێکارییە، لقی ٢ی لێپرسی دادگوستەریی سنە، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە ڕێبوار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی دژی ئەو چالاکە کرێکارییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە و هەروەها ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ساڵێک زیندانی تەعزیریی مەحکووم کرابوو.