ڕێبوار عەبدوڵڵاهی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری "سنە"یە

10:31 - 14 رێبەندان 2721

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕێبەندان، "ڕێبوار عەبدوڵڵاهی" چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەدایە.

ئەو چالاکە کرێکارییە پاش دەسبەسەرکرانی لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕێبەندان، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی پاش چوونەدەرەوەی لە ماڵەکەی خۆی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو چالاکە کرێکارییە زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

ڕێبوار عەبدوڵڵاهی ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بووە؛ هەروەها ساڵی ٩٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.