ڕیز لە بنەماڵەی ئەبووبەکر مەعرووفی گیرا

14:29 - 29 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە شاعێران و نووسەران ڕیزیان لە بنەماڵەی ئەبووبەکر مەعرووفی گرت.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، لە کاتی ڕێوڕەسمی سەرخۆشی ئەبووبەکر مەعرووفی، ژمارەیەک لە نووسەران و شاعێرانی شارەکانی بۆکان، سەقز و مەهاباد چەند لێدوان و شێعڕێکیان بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو ڕێوەڕەسمەدا خوێندەوە.

لە ناو شاعێرەکاندا، مەوولود خەوانچە زەرد، شاعێری بۆکان ناسراو بە\"ڕاپەڕین\" چەند پارەچە هونراوەیەکی لە وەسفی ئەبووبەکر مەعرووفی خوێندنەوە و بە نوێنەرایەتی لە شاعێران و نووسەرانی پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام سەرخۆشی لە بنەماڵيی مەعرووفی کرد و لە کۆتاییدا، موعین قادرپوور، قارەمانی کێبڕکێی جیهانی کۆنگ فۆی وڵاتی گورجستان میداڵە زێرەکەی خۆی پێشکەش بە بنەماڵەی مەعرووفی کرد.

ئەبووبەکر مەعرووفی، لە کاتی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان بە هۆی رووداوی هاتوچۆ لە جاددەی سەلاسی باوەجانی گیانی لە دەستداو و هاووڵاتییانی کورد خەڵکی شارەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ، کامیاران، سنە، دیواندەر، سەقز و بۆکان بە نیشانەی ڕیزگرتن لە تەرمی ئەو هاووڵاتیەی کوردە لە سەر شەقامەکان کۆبوونەوە.