ڕۆژنامەنووسێکی ئیلامی بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

15:40 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ئیلام، ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی ئەو شارەی بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"نەجەف مێهدی‌پوور\" خاوەن ئیمتیاز و بەرێوەبەری دوو حەوتوونامەی هەڵپسێردراوی \"باختر زمین\"، بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانان، بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری ئیلام کرا و حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندرا.

دادگای ئینقلابی شاری ئیلام، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردەی، بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام و بێڕێزیکردن بە ڕێبەری حکوومەت\" بە یەکساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد و ئەو ڕۆژنامەنووسە دەتوانێ لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ئیلام لە هەمبەڕ ئەو بڕیارە ناڕەزایەتی دەرببڕێ.

دوو حەوتوونامەی \"باختر زمین\" بە هۆی بڵاوکردنەوەی گوتار و بابەتی ڕەخنەئامێز لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ و سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران ڕاگیراوە.

نەجەف مێهدپوور، کارناسی باڵای زانستی سیاسی و بەربژێری دەیەمین خولی مەجلیس بووە، کە شیاویەتی ناوبراو بە هۆی \"نەبوونی باوەڕ و پێبەند نەبوون بە ئیسلام و نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران\" لە لایەن شۆرای نیگابانەوە ڕەت کرایەوە.