ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە زیندانی مەشهەد مانی لە خواردن گرت

12:58 - 16 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووس و شاعیرێکی کورد بە هۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانی لە گرتووخانەی وەکیل ئاوای شاری مەشهەد مانی لە خواردن گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی سەرماوەز، \"عەلیڕەزا سپاهیلایین\"، ڕۆژنامەوان و شاعیریكی کوردێکی دانیشتووی مەشهەد کە پێشتر دەستبەسەر کرابوو، بە هۆی جێبەجی نەکردنی داخوازییەکانی، مانی لە خواردن گرتووە.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە پاش دەستبەسەرکردنی له حەوتووی ڕابردوودا،دادوەر بۆ ئازادکردنی داوای \"وثیقەی ٢٠ میلیۆن تمەنی لێ دەکات و ڕۆژی پێنجشەممە برایەکی ئەو ڕۆژنامەوانە کوردە وثیقەی بۆ ئامادە دەکات، بەڵام دادوەر ئیزنی مورەخەسی پێی نەدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: سەرەڕای هێنانی وثێقە و تەنانەت هێنانی یەکێک لە فەرمانبەرەکان وەکوو کەفیل، دادوەر ئیزن مورەخەسی بەو ڕۆژنامەنووسە کوردە نادات و عەلیڕەزا سپاهی لایین بەو هۆیە مانی لە خورادن گرتووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەز، \"عەلیڕەزا سپاهی‌لایین\"، ڕۆژنامەنووس و شاعیری کورد لە شاری مەشهەد دەستبەسەر کرا.

ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی لە گوندی \"سەنگ دیوار\" لەدایک بووە و تا ئێستا ١٠ کتێبی بە زمانەکانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو کردووەتەوە.