ڕۆژنامەنووسێکی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری سەقز کرا

15:07 - 18 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕۆژنامەنووسێکی کورد خەڵکی شاری سەقز بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، دارا مستەوفی، ڕۆژنامەنووسی کوردی بانگهێشت و لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لێکراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە بانگهێشت کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بڵاوکردنەوەی بابەت و وتاری ڕەخنە ئامێز سەبارەت بە پرسی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی حکوومەتی ئێران، هۆکاری بانگهێشت کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بووە.

پێش لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە وتارێکدا لە ژێرناوی\"چەند قسەیەک سەبارەت بە ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان: لە دژایەتی دیسکۆرسی پ.ک.ک. هەتا لایەنی چەپی کلاسیک\"، بەڕێوەچوونی پرسی ڕێفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی وەکوو لۆژیکیترین کرداری سەربەخۆیی ناوزەد کردبوو.