ڕووماڵ کردنی هەواڵی کوشتنی کۆڵبەری نەوسوودی، بانگهێشتی دوو ئەدمینی کاناڵی تێلێگرامی لێکەوتەوە

13:47 - 13 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی شاری پاوە دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە کە بەڕێوبەری دوو کاناڵی تێلێگرامی ئەو شارەن، بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەر، بەڕێوبەری کاناڵی تێلگرامی \" سەلام پاوە \" و بەڕیوبەری کاناڵی تێلێگرامی \"دەنگی نوریاو\" لە لایەن ئیتلاعاتی شاری پاوەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"فەرهاد ساڵحی\" بەڕێوەبەری کاناڵی سەلام پاوە و \"موزەفەر وەلەد بەیگی\" بەڕێوبەری کەناڵی دەنگی نوریار، بە هۆی ڕووماڵکردنی هەواڵی کوژراونی کۆڵبەری کورد \"عەزیم ئەحمەدی\" لەو دوو کاناڵە تێلێگرامییە بووەتە هۆی بانگهێشت کرانیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعات.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئیدارەی ئیتلاعات بەو دوو بەڕێوبەرەیان ڕاگەیاندووە، کە لە ئەگەری ڕووماڵکردنی هەواڵی کۆڵبەران، لەگەڵ کێشە قەزایی بەرەوڕوو دەبنەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شاری نەوسوودیان دایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری نەوسوود شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"عەزیم ئەحمەدی\"، تەمەن ٤٢ ساڵ کوڕی نوورەدین، خەڵکی گوندی \"تەشار\"ی سەر بە شاری نەسوود ڕاگەیاندووە.