ڕووداوی کار گیانی ١٥ هاووڵاتیی لە شاری کرماشان ئەستاندووە

20:07 - 21 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ڕووداوی کار لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لە پارێزگای کرماشان ١٥ کرێکار گیانیان لە دەست داوە.

بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی یاسای پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٣٣٢ کرێکار لە پارێزگای کرماشان تووشی ڕووداوی کار بوون و لە کۆی ئەو ڕێژەیە ٣١٧ کرێکار بریندار و ١٥ کرێکاریش گیانیان لە دەست داوە.

ئارتین کەماڵی هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆی ئەو ٣١٧ کرێکارە برینداربووە ٣٠٨ پیاو و ٩ ژن بەرچاو دەکەوێت، کە تووشی ڕووداوی کار بوون، کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو (٩٥) ٨ لەسەد زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٥ کەس کە هەموویان پیاو بوون بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەست داوە.

بە هۆی نەبوونی ئەمنییەت لە شوێنی کار و کەمتەرخەمی خاوەنکار لە مەڕ پاراستنی گیانی کرێکاران، ساڵانە دەیان کرێکاری کورد قوربانی ڕووداوەکانی کار دەبن.