ڕووداوی کار لە شاری جوانڕۆ سێ قوربانی لێکەوتەوە

22:09 - 23 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: چاڵ هەڵکەندنی یەکێک لە بیناکانی شاری جوانڕۆ بە شێوەیەکی ناستاندارد، سێ قوربانی لێکەوتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان، بە هۆی هەڵکەندنی ناستانداری بینایەک لە تەنیشت کوشتارگەی شاری جوانڕۆ و داتەپینی دیواری ئەو کوشتارگایە سێ کرێکار بوونە قوربانی.

ئەو سێ کرێکارە کوردە، لە کاتی چاڵ هەڵکەندن، دەکەونە ژێر دار و پەردو و هەتا گەیشتنی هێزەکانی فەریاکەوتن خەڵکی بە هانایانەوە دەچن و دوو کەس لەو سێ کەسە ڕزگار دەکەن.

یەکێک لە کرێکارەکان کە تەمەنی ٣٢ ساڵە و دوای ماوەیەک مانەوە لە ژێر دارو پەردو بە هاوکاری خەڵک و هێزەکانی فریاکەوتن ڕزگاری دەبێت.

ئەو کرێکارە کوردە، بە هۆی جێگر نەبوونی باری تەندروستی، بە تایبەتی نەخۆشی دڵ، لە ڕێگای ئۆرژانسی هەوایەوە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی ئیمام عەلی شاری کرماشان دەکرێت.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری ئارتین کەماڵ بڵاوکردەوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٦ ژن و ٥٩٤ پیاو لە پارێزگای کرماشان بە هۆی ڕووداوی کارەوە بریندار بوون.

شاری جوانڕۆ بە حەشیمەتی ٧٤ هەزار کەس لە ٨٦ کیلۆمێتری باکووری ڕۆژئاوای شاری کرماشان هەڵکەوتووە.