ڕووداوی کار دوو کرێکاری کوردی کردە قوربانی

14:01 - 19 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کرێکاری کورد، لە شاری سنە، لە کاتی کارکردن و بە هۆی نەبوونی ئیمەنی کار تووشی ڕووداوی کار هاتن و گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوە، بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، دوو کرێکاری کورد، لە شاری سنە بوونە قوربانی، کە یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە و ئەوەی دیکەشیان بە توندی بریندار بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، شوناسی ئەو دوو کڕێکارە کوردەی بە ناوەکانی \"نەوید محەممەدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ و \"ئیسماعیل زەندی\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو کرێکارە کوردە، لە کاتی سیمانکاریی بینای \"شیرین عسل\" لە شارەکی سنعەتی ژمارەی ٣ی شاری سنە و بە هۆی نەبوونی ئیمەنیی کار تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ئیمساعیل زەندی بە توندی بریندارە و پشتی شکاوە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە بەربوونەوەی ئەو دوو کرێکارە کوردە لە حاڵێکدایە، کە ئەوان \"بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی و بیمەی ڕووداوی کاریان\" نییە.

کرێکارانی بیناسازی، زیاتر لە هەموو کرێکارانی دیکە لە ئێراندا تووشی ڕووداوی کار دەبن و زۆرترین ئاماری قوربانیانی ڕووداوی کار، کرێکارانی بیناسازی لەبەر دەگرێت و سەدان هەزار کەسیش لەو توێژە لە خەدەماتی دەرمانی و بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی بێبەشن.

لە لایەکی دیکەوە خاوەنکارانیش لە دانی دیە بە بنەماڵەی قوربانیانی ڕووداوی کار خۆ دەبوێرن و ئیدارەی بیمە دابینکردنی کۆمەڵایەتی بە بەرپرسی دانی دیە بە بنەماڵەی قوربانیانی کار دەزانن.