ڕووداوی کار بەردەوام گیانی هاووڵاتیان دەستێنێ

20:55 - 31 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: دابین نەکردنی ئەمنیەتی گیانی لە کاتی کاردا، لە پارێزگای کرماشان بەردەوام گیانی هاووڵاتیان دەستێنێ.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەهاری ئەمساڵەوە ١٤ کرێکاری کورد لە پارێزگای کرماشان بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لەدەست داوە.
ئەم ڕێژە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی زەمەنیی هاوشێوەی لە ساڵی رابردوودا، ١٦% زیادی کردووە.

ڕەچاو نەکردنی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن و نەبوونی یاسای پێوەندیدار، ساڵانە ڕووداوی لەم چەشنەی لێ دەکەوێتەوە.

لە نوێترین ڕاپۆرتی دەزگای پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشاندا، ئاماژە بە بریندار بوونی ١٠٥ کرێکار لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کراوە.

ساڵی ڕابردوو ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوەکانی کار لە بەهاردا، ١٢ کەس بوو.

بەپێی بۆچوونی چالاکانی کرێکاری لە کرماشان، فێرکاری بۆ خۆپاراستن، بەتایبەت بۆ کرێکار و کارفەرماکان لە ئێران زۆر کەمە.

وەزارەتی کاری ئێران ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند؛ تەنیا 10%ی کوژراوانی ڕووداوەکانی کار خاوەنیدڵنیایی کارن (بیمە).