ڕووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای کرماشان کارەساتی دڵتەزێنی لێکەوتەوە

14:38 - 13 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی پەیوەندیی گشتیی ناوەندی ڕووداو و فریاکەوتنی پزیشکیی کرماشان ڕایگەیاندووە کە؛ \"وەرگەڕانی ئۆتۆمبیلێک لە شاری کەنگاوەر ٢ کوژراو و ٤ برینداری لێ کەوتووەتەوە\".

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەکبەر ئازادی\" لە وتوێژێکدا ڕایگەیاندووە کە؛ \"ئەم ڕووداوە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی لە شارۆچکەی پیشەسازیی کەنگاوەر ڕوویداوە و لەم ڕووداوەدا ٢ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٤ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون\".

لەو رووداوەدا، کوڕێکی تەمەن ١٢ سال و کچێکی تەمەن ١١ سال لە وەرگەرانی ئەو ماشینەدا گیانیان لە دەستدا.

خراپیی دۆخی ڕیگاوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوە ناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدا، هەر ڕۆژە و گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ. سەروەت و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردیی و کەموکوڕییەکانی ئەوان.