ڕووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سنە ٩% زیادی کردووە

15:29 - 12 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێژەی ڕووداوی هاتووچۆ لە پاریزگای سنە، لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سەدا ٩ زیادی کردووە و ئەو ڕێژەش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو، لەسەدا ١.٩ بەربوونەوەی بە خۆوە بینیووە.

هەواڵدەریی تەسنیم لە زاری بەڕێوەبەری پزیشکی یاسای پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە کە، لە سەرەتای ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١٢٥ حاڵەتی ڕووداوی هاتووچۆ، کە بووە بە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان لە ئاست پارێزگای سنە ڕوویداوە و لەو ڕێژەش ١٣ حاڵەت لە شاری سنە و ١٠٣ حاڵەت لە دەرەوەی شار و ٩ حاڵەت لە گوندەکان ڕووی داوە.

غوڵامڕەزا هومایونی‌پوور ڕایگەیاند: ڕیژەی ڕووداوی هاتووچۆ کە بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییان لە چوار مانگی سەرەتایی ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٨.٧ لەسەدا زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی یاسایی پارێزگای سنە هەروەها ڕایگەیاند: ڕێژەی قوربانیانی تووشبوو لە ڕووداوی هاتووچۆ لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ ساڵی پێشووتر ٨.١ لە سەدا زیادی کردووە و لەو ڕیژەش ٤.١% ژنان و ٩.٧% پیاوان بوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسی فریاکەوتنەکانی وڵاتی ئێران ڕایگەیاند: بە شێوەی نێونجی لە هەر ٣٠ خولەکدا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئێران کەسێک گیانی لە دەست دەدات.

محەممەد تەقی تالبیان چەند ڕۆژی ڕابردوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیلنا\" وتی: ڕێژەی قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆی شار و جاددەکان لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٩ هەزار هاووڵاتیی بووە.

ناوبراوە هەروەها دەڵێت: لە سەدا ١٥ هەتا ٢٥ بەرانبەر ئاماری کوژراوەکان، قوربانیانی ڕووداوی هاتووچۆ لە خۆ دەگرن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەهۆی ناستانداردیی رێگەوبانەکان و پرتووکاوبوونی ماشینەکان لە ئێراندا، ساڵانە نێوان ٢٠ هەتا ٣٠ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوەوە گیانیان لەدەست دەدەن.