ڕووداوی هاتوچۆ لە نێوان جاددەی سەقز_دیواندەر ١٥ قوربانی لێکەوتەوە

13:55 - 18 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی بارینی بەفر و خراپی ڕێگەوبانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە جاددەی نێوان سەقز _دیواندەرە ١٥ هاووڵاتی بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شەوی ڕابردوو ١٧ی سەرماوەز، بە هۆی پێکدادانی سێ ماشین لە جۆرەکانی \"پێژۆ ٤٠٥، پێژۆ پارس و خاوەری بێنز\" لە جاددەی نێوان سەقز _دیواندەرە ١٠ هاووڵاتیی بریندار بوون و ٥ هاووڵاتیی دیکەش کە ئەندامی یەک بنەماڵە بوون گیانیان لە دەستدا.

ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی رابردوو ڕوویداوە و قوربانی بوونی ١٥ هاووڵاتیی لێکەوتووەتەوە.

خراپی دۆخی ڕیگەوبانەکانی وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ناوەبەناوە ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە و بەرپرسانی پێوەندیداریش لەوپەڕی خەمساردیدا، هەر ڕۆژە و گەندەڵییەکی ئابوورییان لێ دەردەکەوێ. سەروەت و سامانی وڵات دەچێتە گیرفانی بەرپرسانی نابەرپرس و خەڵکی سڤیلیش دەبنە قوربانیی خەمساردیی و کەموکوڕییەکانی ئەوان.

پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ماڵپەڕی \"بولتن نیوز\" باسی لە نێونجی کوژران و برینداربوونی ڕووداوی هاتوچۆی لە ئێران کردبوو؛ بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕە، شیمانەی نێونجی ٢٣ هەتا ٢٧ هەزار کوژراوی دەرئەنجامی پێکدادانی ماشینەکان لە ماوەی یەک ساڵدا و هاوکات ٢٥٠هەزار برینداری ڕووداوی هاتوچۆ دەکرێت، کە دەکرێ بڵێین هەر ساڵ بوومەلەرزەیەکی گەورە لە ئێران ڕوو دەدات.