ڕووداوی هاتووچۆ لە پارێزگای کرماشان ٣٧ قوربانی لێ ‌کەوتەوە

16:17 - 19 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی پێکدادانی دوو ئۆتووبوس لە جاددەی نێوان حەمیل ـ شائاباد، ٧ کوژرا و٣٠ برینداری لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە جاددەی حەمیل بۆ شائاباد، ٣٧ کەس لە موسافرانی ئەو دوو ئۆتووبوسە بوونە قوربانی.

بەرپرسی فریاکەوتنە پزیشکییەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: ٣٠ کەس لە برینداربووان، بۆ چارەسەریی پزیشکی بە چوار ئامبوڵانس ڕەوانە نەخۆشخانە کراون.

بە وتەی سائیب مودەڕسی، دوو کەس لەو ٧ کەسە گیان لە دەستدراوانە، موسافری بیانی بوون و هەروەها یەکێک لە بریندارەکانیش ژنێکی دووگیان بووە.

هۆکاری مرۆیی، یەکێک لە گرینگترین بەرهۆکانی ڕوودانی ڕووداوی هاتووچۆ لە ئێران و کوردستاندا بە ئەژمار دێت. بەڵام نەبوونی ستانداردسازیی لە جاددەکانی کوردستان و هەروەها گوێنەدان بە چۆنیەتیی کەرەستەکانی گوازتنەوە، ڕێژەی ڕووداوی هاتووچۆی بردووتە سەرەوە.

وڵاتی ئێران لە ستانداردی ئیمەنی جاددەکان لە جیهاندا پلەی ١٨٩ـهەمینی هەیە.