ڕوودانی تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە ڕەبەت

21:26 - 24 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە دەوروبەری سەردەشت، تێکهەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و کەسانێکی نەناسراودا ڕوویداوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێش‏نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرزاییەکانی ئاقاری شارۆچکەی ڕەبەت سەر بە شارستانی سەردەشت، گۆڕەپانی تەقەی نێوان هێزە ئەمنییەتییەکان و کەسانێکی چەکدار بوو.

تەقەکان لە نێوان گوندەکانی \"لەیلانێ\" و \"گۆڵێ\" ڕوویداوە کە شوێنی جێگیر بوونی پادگانی نیزامیی سپای سنوورییە.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێری کوردپا، تا هەنووکە شوناسی ئەو لایەنەی لەگەڵ هێزە حکوومەتییەکان ڕووبەڕوو بوونەتەوە نادیارە، بەڵام لە چەند کاتژمێر پێش ئێستاوە هێلیکۆپتێرێک بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە و سەرقاڵی ئاڵووێری کەرەستەی نیزامییە.

یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی‏دا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای گوت کە: \"من خەڵکی ناوچەی ڕەبەتم و تێکهەڵچوونەکانی ئەم نیوەڕۆیەی هێزە حکوومەتییەکان لەگەل حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان بووە و لە هەر دوو لای ئەو تێکهەڵچونەش کوژراو و بریندار هەن\".

ئاژانسی هەواڵداریی کوردپا بە هۆی نەبوونی زانیاریی تەواو، هەبوونی کوژراو و بریندار لەو تێکهەڵچونەدا پشتڕاست ناکاتەوە.

لە بەهاری ئەمساڵەوە پێشمەرگەکانی حیزبەکانی دێموکرات و کۆمەڵە لە ناوچە سنوورییەکانی شنۆ، ورمێ، بانە و مەریوان جێگیر بوونە و بەپێی لێدوانی ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبانە، سەرقاڵی خۆ ڕێکخستنەوە بۆ شەڕی چەکداریین.