ڕوانسەر/ داواکردنی پارە لە قوتابییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابخانە

15:23 - 4 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی یەکێک لە قوتابخانەکانی ڕوانسەر بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی قوتابخانە، داوای پارەی لە قوتابییان کردووە.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە قوتابخانەکانی دواناوەندیی کچانە لە شاری ڕوانسەر، لە نامەیەکدا بۆ بنەماڵەی قوتابییان و بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامە فێرکارییەکان و چارەسەرکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە داوای پارەی لێ کردوون.

بەرپرسی ئەم قوتابخانەیە داوای لە بنەماڵەی قوتابییانان کردووە کە بو زووترین کات یەکێک لە بڕه پارە دیاریکراوەکان کە لە نامەی نێردراو بۆ بنەماڵەکاندا هاتووە، دیاری بکەن و بیدەن به بەرپرسانی قوتابخانەکە، ئەم کارە ناڕيزایەتی بنەماڵەکانی بەدواوە بووە.

بەپێی ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران، ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە، کە پێداویستییەکانی پەروەردە و بارهێنان بەبێ بەرانبەر بۆ هەموو کەسێک هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغی دواناوەندی دابین بکات و پێداویستییەکانی خوێندنی باڵاش بەپێی توانایییەکانی حکوومەت دابین بکات و بەبێ بەرانبەر پەرەی پێ بدرێت.

هەموو ساڵێک به دەسپێکردنی ساڵی خوێندن و لە کاتی ناونووسینی قوتابییەکان و دانەوەی کارنامەکانیان، داوای بڕە پارەیەک لە قوتابییەکان دەکرێت، که ئەم جۆرە کارانە بوونەتە پەتا و هەڵاماتێک لە کوردستاندا.

بە وتەی چالاکانی فەرهەنگی، وتنەوەی ئەم ڕستەیە کە وەرگرتنی پارە لە قوتابییەکان لە لایەن ئیدارەی پەروەردەوە نایاسایییە، بووەتە دروشم و ئەم چالاکانە لەسەر ئەو بڕوایەن کە کەرتی پەروەردە دەبێ بۆ سزادانی کەسانێک که به زۆر لە قوتابییەکان پارە وەر دەگرن، هەنگاو هەڵ بگرێت.

\"\"
ڕوانسەر/داواکردنی پارە لە قوتابییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی قوتابخانە