ڕنوو گیانی سێ کرێکاری کوردی ئەستاند

21:25 - 11 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە دوو ناوچەی جیاجیا لە شاخەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ٣ هاووڵاتیی کورد بە هۆی هەرەسی ڕنوو گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕێگای هەڵەمووتی \"ژاڵانە\"ی سەر بە بەخشی هەورامانی تەخت، ڕنوو بوو بە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری بەڵێندەر.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە وێستگەی کارەبای شاری سەوڵاوا، کە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مەئموریەتێکدا بۆ \"چارەسەری کێشەی کارەبای ناوچەی هەورامان\" ڕۆیشتبوون بۆ ناوچەکە، تووشی ئەو ڕووداوە ببوون.

\"\"
پەیام محەممەدی و داریووش شاکری
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەوڵاوا، شوناسی ئەو دوو کرێکارە کوردەی بە ناوەکانی \"پەیام محەممەدی\" تەمەن ٢٣ ساڵ و \"داریووش شاکری\" تەمەن ٢٦ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو کرێکارە لاوە خەڵکی گوندی \"چەشمیەر\" بوون.

کەش ناسی کوردستان بارینی بەفری دوێنی یەک و نیو مێتر خەڵماندووە و ئەمەش بووتە هۆی ڕنوو لە بەرانبەر گوندی\"کەماڵە\" و خەسارێکی بەرچاوی بە باغی بادام، گوێز و ترێی ئەو گوندە گەیاندووە.

هەروەها، ڕاپۆرتی گەیشتوو لە ناوچەی چاڵدێرانی پاریزگای ورمێ بە ئاژانسی کوردپا، کرێکارێکی کورد بە ناوی\"ناسر\" کە تووشی هەرەسی ڕنوو هاتبوو، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ تەرمەکەی لەلایەن هێزەکانی فریاکەوتنەوە لە ژێر بەفر دەرهێنرا.

ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە؛ ناسر بە مەبەستی ڕاو کردن لە گوندی\" چەخۆر\"ی سەر بە شاری چاڵدێران هاتووەتەدەر و پاش ٢٤ کاتژمێر تەرمی ناوبراو دۆزرایەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕێبەندان، دەستەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی\"قەرەدانی بێوارانی سەرێ\"ی سەر بە شاری سەردەشت تووشی هەرەس هێنانی ڕنوو ببوون و بەپێی دوایین ڕاپۆرتی هەواڵنێری کوردپا، چوار کۆڵبەری کورد گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە چارەنووسیان لەو ڕووداوەدا ناڕوونە.

لینکی پێوەندیدار:
کۆڵبەرێکی دیکەی سەردەشت گیانی لەدەست دا + تەکمیلی