ڕنوو گیانی دوو شاخەوانی کوردی ئەستاند

14:03 - 9 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی شەپۆلی بارینی بەفر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو شاخەوانی کورد لە بەرزاییەکانی قوڵقوڵەی شاری سەقز گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چوار شاخەوانی کورد کە بۆ سەرکەوتن بە سەر شاخی قوڵقوڵەی شاری سەقزدا ڕۆیشتبوون، تووشی هەرەس هێنانی ڕنوو دەبن و دوو کەس لەو چوار کەسە گیانیان لەدەست داوە.

\"\"
هەژیر قادریان
هەواڵنێری کوردپا لە شاری بۆکان، شوناسی ئەو دوو شاخەوانە کوردەی خەڵکی شاری بۆکانی بە ناوەکانی\"هەژیر قادریان\" و \"محیەدین سەلیمی\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاویە، ئەو ڕووداوە کاتژمێر دوو و سی(٢:٣٠) خولەکی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕوویداوە.

\"\"
محیەدین سەلیمی
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە تەرمی ئەو دوو شاخەوانە کوردە لە ساردخانەی \"سەلاحەدینی\" شاری بانە ڕاگیراوە.

شەپۆلێكی سەرما و بەفر بارین ڕووی لە ناوچەكانی كوردستانی ئێران کردووە و بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فارس، ڕێگای زیاتر لە ٢٠٠ گوندی پارێزگای سنە داخراون، لە کە سەرکی‌ترینیان ڕێگای نێوان کامیاران و سەوڵاوایە.