ڕاگرتنی پرۆژەی نەخۆشخانەی شاری سەڵماس بە هۆی نەبوونی پارەوە

15:17 - 22 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەرخان نەکردنی پارە و تێچوو، سازکردنی نەخۆشخانەی ١٦٠ تەختی شاری سەڵماس، لە پارێزگای ورمێ، ماوەی یەکساڵە ڕاگیراوە.

فەرمانداری شاری سەڵماس، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیسنا\" ڕاگەیاند: نەخۆشخانەی ١٦٠ تەختی شاری سەڵماس، لە یەکساڵی ڕابردووەوە بە هۆی نەبوونی پارە لە بواری سازکردنەوە، هیچ بەرەوپێشچوونێکی نەبووە و ئەو پڕۆژەیە ڕاگیراوە.

مورتزا ئەسغەری هەروەها ڕایگەیاندووە: ئەو نەخۆشخانەیە لە زەوییەکی ٥ هێکتاری سازکراوە و تەنیا ١٨٪ لە کارەکانی ئەنجام دراوە و هەتاکوو ئێستە بڕی ٦ میلیارد تمەن پارە لەو پڕۆژەیە خەرج کراوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، بۆ تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەیە بڕی ٥ میلیارد تمەنی دیکە پارەی پێویستە و لە ساڵی ڕابردوودا (٩٦) هیچ پارەیەک بۆ ئەم نەخۆشخانەیە تەرخان نەکرابوو و بەو هۆیەوە ماوەی زیاتر لە یەکساڵە ئەو پرۆژەیە ڕاگیراوە.

ڕاگیرانی پرۆژەی نەخۆشخانەی شاری سەڵماس، تەنیا تایبەت بە پارێزگای ورمێ نییە و لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران بە هۆی تەرخان نەکردنی پارە بۆ پرۆژە ئاوەدانییەکان، لەگەڵ کێشە و گرفت بەرەوڕوون.