ڕاپۆڕت/ مانگرتن، دەسبەسەر و جێبەجێ نەکردنی داخوازی دوکانداران

15:36 - 5 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بە هۆی داخرانی سنوورەکان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە، دوکانداران و بازاڕیانی شارە سنوورنشینەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات مانیان گرت کە بانگهێشتی کۆمەلێک هاووڵاتی لێکەوتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دوکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ لە هەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و زۆربوونی \"تعرفە‌های گمرکی\" مانیان گرت و داوای کرانەوەی سنوورەکانیان کرد؛ بازاڕییانی شاری بانە لەو مانگرتنەدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی داخستی سنوورەکان، سفرەی خاڵیان لە بەرانبەر پاساژی بەهەشت ڕاخست.

لە درێژەی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی ئەو دوو شارە، چەند شارێکی دیکە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەهەمبەر داخستنی سنوورەکان و پشتیوانی لە بازاڕیانی شارەکانی کوردستان، بە داخستنی دوکان و بازاڕەکان پاڵپشتی خۆیان دەربڕی.

بەرینتر بوونەوەی مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی کوردستان بە هۆی داخرانی سنوورەکان و داخوازی کاسبکارانی شارەکانی کوردستان، لەو پەیوەندییەدا، سەعید جەلیلی، نوێنەری حکوومەتی ئێران، لە شۆرای باڵای ئەمنییەتی هێنایە شاری بانە کە لە کاتی لێدوانیدا بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی مانگرتووەکان قسەکانی تەواو نەکرد.

لایەکی دیکەوە، نژاد شەهیدی، جیگری سیاسیی فەرمانداریی شاری بانە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\" بە ئاماژەکردن بە مانگرتنی بازاڕیانی ئەو شارە ڕایگەیاندووە:\" دەستە دەرکییەکان لە هاندانی دووکانداران و پیشەوەران بە مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەو شارە و داخرانی یەکە سێنفییەکان ڕۆڵیان هەیە\".

لە درێژەی مانگرتن و داخوازی دوکانداران بۆ کرانەوەی سنوورەکان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شارەکانی بانە، جوانڕۆ و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر و ڕەوانە گرتووخانەی ئەو شارانە کران.
ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی بریتییە لە ١٣ کەس کە هێندێک لەو هاووڵاتییانە ئازاد کراون و هێندێکی دیکەیان هێشتا چارەنووسیان ناروونە.

هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو خەڵکی شارەکانی بانە، جوانڕۆ و مەریوان و سەقز بوون.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، لە درێژەی مانگرتنی بازاڕیانی شاری بانە، ژنە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەم شارە بە ناوی \"ڕەعنا محەممەدی\" لەلایەن کەلانتەری ١٢ی ئەو شارەوە دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرا.

مەئموورانی کڵانتەری ١٢ی شاری بانە ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی \"هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە مانگرتن و نارەزایەتی دەربڕینی دوکانداران و بازاڕیان\" دەسبەسەر کردبوو.

پێشتر، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی جوانڕۆ و پیرانشار هەڕەشەیان لە دوکانداران و بازاڕیانی ئەو دوو شارە کردبوو، کە لە ئەگەری بەردەوام بوون لە سەر داخوازییەکانیان و داخستنی دوکانەکان لەگەڵ لێئەستاندنەوەی مۆڵەتی کار و هەڵسوکەتی قەزایی بەرەڕوو دەبنەوە. لەلایەکی دیکەوە ئیدارەی ئەماکنی شاری بۆکان، خاوەن پاساژەکان و دووکاندارە باوەڕپێکراو و خۆشناوەکانی ئەو شارەی بانگهێشت و هەڕەشەی لێ کردوون کە لە چوونە ڕیزی مانگرتنی سەرتاسەری بازاڕیان خۆیان ببوێرن.

پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ لە مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستان بە تایبەت شاری بانە و سەڕەرای بەڵێنی بەرپرسانی حکوومەتی بۆ کردنەوەی سنوورەکان و جێبەجێ کردنی داخوازی هاووڵاتییانی کوردستان، هەتا ئێستا بەرپرسانی حکوومەتی هیچ بەڵێنێکیان بە کردەیی جێبەجێ نەکردووە و ئەمەش تەنانەت ناڕەزایەتی چەند کەسێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ئێرانی لێکەوتەوە.

مانگرتنی دوکانداران و بازاڕیانی شاری بانە بەردەوامە و ئەمڕۆش پێی نایە ١٢هەمین ڕۆژی خۆی و دوکاندارانی شاری بانە دوای پشتیوانی لە شارەکانی دیکە کوردستان دەکەن بۆ مانگرتنی سەرتاسەری و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان.