ڕاوەدوونانی هێزە حکوومەتییەکان، گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی لێکەوتەوە

15:07 - 2 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری شنۆ لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١ی بانەمەڕ، کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری شنۆ بە ناوی \"محەممەدڕەزا ئیسماعیلزادە\"لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان گیانی لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کاسبکارە کوردە بە هۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووە و گیانی لە دەست داوە.

هەر لەو پەیوەندیەدا، چەندڕۆژ پێش ئێستا، لە ئەنجامی دانانەوەی بۆسە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سەر ڕێگا و تەقە کردن لە کاسبکارێکی کورد لە ناوچەی پیرانشار، ماشێنی ئەو کاسبکارە کورد بە تەواوەتی ئاگری گرت.

هێزە ئینتزامییەکان ماشینی ئەو کاسبکارە کوردەیان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ دابووە بەر دەسڕێژی گوللە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەژێر ناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسووکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنیەتی بۆ ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.