ڕاوچییەکانی دووریسانی پاوە ئاگریان لە قەفەسەکانیان بەردا

15:23 - 4 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند ساڵێکە ڕاوچییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دەستیان کردووە بە ئازاد کردنی باڵندەکان و شکاندنی قەفەسەکانیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی گوندی دووریسان سەر بە شاری پاوە، بە شکاندنی قەفەس و بەردانی کەوەکانیان، دەستیان لە ڕاو کردن هەڵگرت و ژیانێکی نوێیان بە پەلەوەرەکان بەخشی.

شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی دووریسان بە ناوەکانی \"ئەنوەر نەقشبەندی تەمەن ٥٥ ساڵە، سەیفوڵڵا ڕۆستەمی تەمەن ٣٣ ساڵە، ناسر نەقشبەندی تەمەن ٤٥ ساڵە، ئیرەج ئەمینی تەمەن ٤٠ ساڵە و ڕامین مەحموودی تەمەن ٢٥ ساڵە\" ڕاگەیەنەراوە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە بە سووتاندنی قەفەسەکان و شکاندنی چەکی ڕاوەکانیان کۆتاییان بە ڕاو کردنی پەڵەوەکان و ئاژەڵەکێوییەکان لەو ناوچەیە هێنا.

دەوترێ، سێ کەس لەو هاووڵاتییانە کە لەمێژە لە دووریسان و گوندەکانی دەورەبەری خەریکی ڕاوکردنن، بۆ هەمیشە وازیان لە ڕاوکردن هێناوە و ئەمەش بووەتە جێی دڵخۆشیی خەڵکی ئەو ناوچەیە.

پێشتریش لە شاری بانە چەند هاووڵاتییەک، بە شکاندن و ئاگرتێبەردانی قەفەسەکانیان، پەشیمانیی خۆیان لە ڕاوکردن دەربڕی و زیاتر لە ١٠ کەو و سمۆرەیەک و دوو باڵندەیان گەڕاندەوە باوەشی سروشتی کوردستان.

دروشمی ئەو ساڵی ڕۆژی جیهانیی زەوینی پاک، \"درەختەکان بۆ زەوین، زەوینیش بۆ ژیان\" دیاری کراوە.