چەکی کڵاشینیکۆف گیانی لاوێکی ١٨ ساڵەی جوانڕۆیی ستاند + وێنـــه

15:57 - 2 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد لەشاری جوانڕۆ بە چەکی دەوڵەتیی کڵاشینیکۆف کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەیی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١‌ی بەفرانبار لاوێک بەناوی یەزدان رۆستەمی تەمەن ١٨ ساڵ بەچەک تەقەی لەخۆی کردووە و لەئەنجامدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بەسەری، گیانی لەدەست داوە.

\"17557.jpg\"
یەزدان رۆستەمی تەمەن ١٨ ساڵ بەچەک تەقەی لەخۆی کردووە و لەئەنجامدا بەهۆی بەرکەوتنی گولـلە بەسەری، گیانی لەدەست دا
باوکی ئەو لاوە کوردە لە بازاڕی \"ئیمام\"‌ی شاری جوانڕۆ سەرقاڵی کاسبی کردنە.

ئەو رووداوە لەکاتێکدا رووی داوە کە یەزدان رۆستەمی سەردانی ماڵی یەکێک لەهاوڕێیەکانی کردووە و لەوێ‌بە چەکی دەوڵەتی کەڵاشینیکۆفی خاوەن ماڵەکە کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بەوتەی کەسێکی ئاگادار، ئەو چەکەی خاوەن ماڵەکە \" پێشکەش\"‌ی بووە و ژمارەیەک لەهاوڕێیەکانی یەزدان کە لەو ماڵەدا لەگەڵی بوون لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لەچۆنیەتی خۆکوژی و هۆکاری ئەو کارە زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نیە.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێدان و راگرتنی چەک لەماڵەی هاووڵاتیانی کورددا بە هۆی ئەندامەتیان لەبەسیج و سپا رووی لەزیاد بوون کردووە و ناوەندە حکوومەتییەکانیش بۆ دانی ئەو چەکانە رۆڵی بەرچاویان هەیە.

هاوینی ئەمساڵ عەلی خامنەیی رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری رێکخراوێکی بەناوی \"رزم\" بەمەبەستی رێکخستنی هێزە خۆجەییەکانی سپه لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، دابوو.