چەکدارانی سوپای پاسداران لە پاوە کۆڵبەرێکیان بریندار کرد

14:26 - 1 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران سەرەڕای تەقە کردن لە کۆڵبەران و بریندارکردنی کۆڵبەرێکی کورد لە ناوچەی پاوە، دەستیان بەسەر کەلوپەل و ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەرانیشدا گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد بەناوی (ماکوان وەیسی) کوڕی ئەحمەد و خەڵکی گوندی نیسانە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداراندا بریندار بوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە دۆخی تەندروستیی ئەو کۆڵبەرە بریندارە لەبەر دەستدا نییە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پاوە لە ئوستانی کرماشان، رایگەیاند؛ چەکدارانی سوپای پاسداران جێگیر لە پایگای شێخان لە شوێنێک بەناوی قەڵاگا دەستیان بەسەر دوو ئەسپی بارهەڵگری کۆڵبەراندا گرتووەو باری ئەسپەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

دەگوترێت، ساڵی رابردووش، ماکوان وەیسی بەهۆی کۆڵبەری کردن لە سنووری شۆشمێ، هاوڕێ لەگەڵ دوو کۆڵبەری دیکە بەناوەکانی مۆدریک فەتحی خەڵکی نیسانە و ماکوان ئەحمەدی خەڵکی شۆشمێ، لەلایەن ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە دەستبەسەر کرابوو.