چەکدارانی سوپای پاسداران لە سنووری شێخ سەڵە کۆڵبەرێکی کوردیان کوشت

19:12 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٥ ساڵەی کورد، لە خاڵی سنووریی شارستانی سەلاسی باوەجانی بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزەکانی هەنگی مەرزیی سوپای پاسداران لە ئوستانی کرماشان تەقەیان لە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی عەلی ئەکبەر کەیکاوسی کردووەو لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هێزە چەکدارەکانی سەربە سوپای پاسداران، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی رابردوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووەو کوشتوویانە.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری سەلاسی باوەجانی راگەیاند؛ ئەو لاوە کوردە لە خاڵی سنووریی ناوچەی \"شێخ‌سەڵە\" سەرقاڵی گواستنەوەی دەبەی گازاییل بووە، کە لەلایەن چەکدارانی سوپای پاسدارانەو ەتەقەی لێکراوە.

راپۆرتی هەواڵنێری کوردپا باس لەوە دەکات، عەلی ئەکبەر کەیکاوسی خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووەو تەرمی ئەو لاوە کوردەی خەڵکی گوندی \"رەجەوی\"، هەتا ئێستا لە ناوەندە دەرمانییەکانی کرماشاندا راگیراوە.

کۆڵبەری کردن لە سنوورەکان بە پیشەیەکی پڕ مەترسی دادەندرێت، کە کۆڵبەران رۆژانە لەلایەن چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیێرانەوە تەقەیان لێ دەکرێ و بەرەوڕووی مەرگ و برینداری دەبنەوە.

راپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە حکوومەتی ئیسلامیدا، نیگەرانیی خۆی لە کوشتاری بەربڵاو و سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکان دەربڕیوەو داوای لە لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامی کردووە، کۆتایی بە کوشتن و تەقە کردن لە کۆڵبەرانی کورد بێنن.