چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی حكوومەتی سەبارەت بە گیان لە دەستدانی هاووڵاتییەکی کورد لە زیندان

20:23 - 24 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری شاری ئیلام لە مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندبوو کە تالیب بەساتی بە هۆی\"جەڵتەوە\" لە زیندان گیانی لە دەست داوە.

جەلال میرزایی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی\"ئیسنا\" ڕاگەیاندبوو کە\"تالب بەساتی پاش نائارمییەکان لە ئێران دەستبەسەر کراوە و بە هۆی جەڵتەوە لە زیندان گیانی لە دەست داوە.

ناوبراوە ڕاگەیاندووە، \"بەپێی بەدواداچوونەکان کە بۆ تالیب ئەنجام دراوە، ناوبراوە فەرمانبەری ئۆرژانسی شاری مەلەکشاهی بووە و پاش ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان دەستبەسەر کراوە. دەوترێ هەروەها تالیب بەساتی لەگەڵ دونیای دەرەوە پەیوەندیی هەبووە\".

بە وتەی ئەو نوێنەری شاری ئیلام لە مەجلیس، \"چەند ڕۆژ بە سەر دەستبەسەر کردنی تالیب بەساتی تێپەڕی بوو کە ناوبراو بۆ زیندان گوازرایەوە و تەنیا یەک شەو لە بەندی گشتی زیندان کە سەرجەم ١٨ کەس لەو بەندەدا بوون، بە هۆی جەڵتە گیانی لە دەست داوە\".

لێدوانەکانی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە کاتێکدایە کە چەند ڕۆژ پێش تەلەفزیوونی \"بی بی سی فارسی\" لە هەواڵێکدا لە سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوە ڕاگەیاند: لە بەڵگەی گەواهی گیان لە دەستدانی بەساتی ئاماژە بەوە کراوە کە ناوبراو بە هۆی \"ترومای مغزی\" گیانی لە دەست داوە.

ترومای مێشک زەربەیەکە کە بە هۆی لێدانەوە زیان بە کەللەی سەر و مێشک دەگەیەنێت\".

دەوترێ، هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاریان خستووتە سەر بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە شاری مەلەکشاهی و پێیان ڕاگەیاندوون لە وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەنەکان خۆیان ببوێڕن.

\"تالب بەساتی\" بە شێوەی گومانئاوی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئیلام گیانی لە دەست دا و تەرمی ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە لە کەش و هەوای ئەمنیەتیی ئەسپەردەی خاک کرا.

ئەو پەرەستارە کوردە خێزاندار و بە هۆی گرتنی \"وێنە بە موبایل لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئیلام\" لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵی ناوبراو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی پشکنینی ماڵی تالب بەساتی دوو ئاڵای کوردستانیان دۆزیەوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دۆزینەوەی دوو ئاڵای کوردستان لە ماڵی شەخسی ئەو پەرەستارە لاوە، ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە و هەتا کاتی مردنی ناوبراو، بنەماڵەی هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی کوڕەکەیان نەبووە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هێزە ئیتلاعاتییەکان ڕۆژی دووشەممە ٧ی ڕەشەمە لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا، بە باوکی تالبیان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان مردووە و وەرە بۆ وەرگرتنی جەنازەکەی.

ئەو سەرچاویە هەروەها دەڵێت: \"هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو پەرەستارە کورەدەیان بە تۆمەتی زانیاری گەیاندنی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئیلام بە حیزبە کوردییەکان تاوانبار کردووە.\"

ئەو سەرچآوەیە دوو پاتی دەکاتەوە، ئیتلاعات هەڕەشەیان لە بنەماڵەی بەساتی کردووە لە ئەگەری میدیایی کردنی مردنی کوڕەکەیان ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشی بەو بنەماڵەیە نادەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هاوڕیانی نزیک له تالب بەساتی کە لە گرتووخانەی ناوەندیی ئیلام دان ڕایانگەیاندووە، کە ناوبراویان لە زیندانی شاری ئیلام نەبینیووە.