چەند کەس لە بنەماڵەی حسەین پەناهی دەستبەسەر کران

15:00 - 4 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی شاری سنە، هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران ڕژاونەتە ماڵی ڕامین حسەین پەناهی کە بە برینداری دەستبەسەر کرابوو و چەند کەس لە بنەماڵەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوابەدوای شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی هەینی شاری سنە لەنێوان قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان کە بەهۆی چەند کەس لە هەر دوولا کوژران و بریندار بوون، هیزەکانی سپا ڕژاونەتە ماڵی ڕامین حسەین پەناهی و برایەکی ناوبراویان بەناوی ئەفشین دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە کوردپای ڕاگەیاندووە؛ هێزەکانی سپا ڕژاونەتە ماڵی خوشکی ئەفشین لە گوندی قڕوچای دێولان و پاش لێدان و سووکایەتی کردن بە پەروانە حسەین پەناهی و هەروەها باوکی بەساڵاچووی ئەفشین، ئەم برای ڕامینیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا ئێستا لە شوێنی ڕاگیران و هۆکاری گرتنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە بەڵام وێدەچێ هۆکاری گیرانەکەی خزمایەتی ئەفشین لەگەڵ ئەندامانی تیمەکەی کۆمەڵە بێت.

لەلایەکی دیکەوە هێزە ئەمنیەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی حامید سەیف پەناهی لە شارەکی نایسەری سنە و پاش پشکنین و گەڕان و سووکایەتی کردن بە بنەماڵەی ناوبراو چەند کەس لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیان لەگەڵ خۆیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بردووە.

تا ئێستا لە شوناس و ڕێژەی ئەم کەسانە زانیارییەک بڵاو نەبۆتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بنەماڵەی حسەین پەناهی ڕاگەیەندراوێکیان ڕوو لە نیهادەکانی مافی مرۆڤ، کۆڕە جیهانییەکان، هێزە ئازادیخوازەکان و خەڵکی خەباتگێڕی کوردستان بڵاو کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەگەری مردنی ڕامین حسەین پەناهی لە ژیر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات لە ئارادایە.

بەپێی ئەم راگەیەندراوە پاش نیو کاتژمێر لە گواستنەوەی ڕامین بۆ نەخۆشخانەیەک لە سنە هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە و ئیزنیان نەداوە کە چارەسەری پزیشکی وەربگرێت بۆیە بەدووری نازانن کە لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەست دابێت.

لە بەشی کۆتایی ئەم راگەیەندراوەشدا داوا لە هەموو نیهاد و کۆڕە نێونەتەوەییەکان کراوە کە بۆ پێشگیری لە تراژێدیایەکی دیکەی مافی مرۆڤی هەوڵ بدەن و گووشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی تاکوو ئیزن بدەن ڕامین ڕادەستی ناوەندە دەرمانییەکان بکرێت.